ڕاوێژکارێکی دیکەی سوپای پاسداران لە حەلەب کوژرا

سەعید ئابیار ڕاوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران
سەعید ئابیار ڕاوێژکاری سەربازی سوپای پاسداران

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران هەواڵی کوژرانی ڕاوێژکارێکی دیکەی سەربازی پاسدارانی لە شاری حەلەبی سووریا بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئیسرائیل، سەعید ئابیار ڕاوێژکاری سەربازی لە سوپای پاسداران کوژراوە.

ئاماژەشیداوە، لە سووریا دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە گیانی ئەو ڕاوێژکارە سەربازییە لە هەردوو مەزارگەی سەیدە زەینەب و سەیدە ڕوقییە، تەرمەکەی بەرەو ئێران بەڕێ دەکرێتەوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردوە، لەو هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر حەلەب، 17 کەس کوژراون و 15ی دیکەش برینداربوون، ئەمە جیا لەوەی زیانێکی زۆری ماددیشی هەبووە.

هەر لە بارەی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەلەب، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوکردووەتەوە، فڕۆکەکان کارگەیەکی کۆنی تواندنەوەی مسی بۆمبباران کردووە کە کراوەتە جبەخانەی سەربازیی و بەهۆیەوە 17 چەکدارن کوژراون لە نێویاندا دووانیان بە ڕەچەڵەک ئێرانی بوون کە یەکێکیان فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران بووە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕوانگە، سێ لە کوژراوەکانی خەڵکی عێراق و سێی دیکەش ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانی و کوژراوەکانی دیکەش چەکدارانی سووری بوون.

ڕوانگەی سووری ئاماژەیداوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا سوپای ئیسرائیل 44 هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریا لە نێویاندا32 هێرش لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و 12 هێرشی زەمینی کردووە، بە کۆی گشتی 92 ئامانجیان لەنێو بردووە.