لە سلێمانی تۆمه‌تبارێك ده‌ستگیر كرا

مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕاپه‌ڕین به‌هاوكاری‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژهه‌ڵات تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه‌ پاش بێهۆشكردنی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانێك دزی‌ لێ كردبوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی ڕایگەیاند، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هاووڵاتییه‌ك سكاڵای‌ تۆماركرد كه‌ تۆمه‌تبارێك چۆته‌ ماڵه‌كه‌یان ‌و به‌ده‌رمانی‌ بێهۆشكه‌ر بێهۆشی‌ كردون‌ و دواتر بڕێك ئاڵتوون ‌و موبایلێك له‌ جۆری‌ ئایفۆنی‌ لێ دزیون.

ئاماژەی بەوەش دا، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ و ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تبار ده‌ستپێكرد و دوای‌ وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر و گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان، توانرا تۆمه‌تبار له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕاپه‌ڕین به‌هاوكاریی نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌ستگیربكرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباردا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر چه‌كێك له ‌جۆری‌ ده‌مانچه‌ و ئه‌و ده‌رمانه‌ی‌ تۆمه‌تبار به‌كاری هێنابوو بۆ بێهۆشكردنی‌ خێزانه‌كه‌.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاند، ئێستە تۆمه‌تبار (ك، ح، ع) له‌دایكبووی‌ 1976  کە پێشینەی تاوانی هەیە، به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ مادده‌كانی‌ 444 و 15ـی‌ چه‌ك له‌یاسای‌ سزادان ڕاگیراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌.