موعین کازمی: لە خشتەی بودجەی ئەمساڵ هیچ کەسێک لە عێراق دانامەزرێنرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیێنێت، لە خشتەی بودجەی 2024، هیچ دامەزراندنێک یان پلەی وەزیفی جێگای نەکراوەتەوە.

موعین کازمی بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی ڕاگەیاند، "ئەو خشتەیەی بودجە کە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەدا دەنگی لەسەر دا، هیچ دامەزراندنێک یان پلەی وەزیفی گرێبەست یان فەرمانبەرانی هەمیشەیی لەخۆناگرێت".

کازمی باسی لەوەش کرد، "بەپێی خشتەکانی بودجە، فەرمانبەر دەتوانێت گواستنەوەی کاتی یان گواستنەوەی هەمیشەیی لە فەرمانگەیەک بۆ فەرمانگەیەکی دیکە یان لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە بکات ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی ئەو لایەنەی کە کاری بۆ دەکات، ئەوەش بەپێی پلە و تەرخانکردنی دارایی دەگوازرێتەوە."

دوای ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر خشتەی بودجەی ساڵی 2024 دا، لێژنەی دارایی پەرلەمان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "دەرماڵە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان مسۆگەر کراوە، هەروەها بڕی چوار ترلیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی ساڵی 2024ـی کارمەندان و خانەنشینەکان و جێبەجێکردنی مەرجی گرێبەستەکان و دامەزراندنەکان و ئەوانەی گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە".

لیژنەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕی یەک ترلیۆن و 250 ملیار دینار بۆ دەستەبەرکردن و زیادکردنی دەستکەوتی مووچەی خانەنشینان تەرخانکراوە"، دەشڵێ، "تەرخانکردن پارە بۆ خەرجکردنی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی".

لیژنەی دارایی پشتڕاستی کردەوە، "زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی تاوەکو زیاتر لە 650 هەزار خێزانی نوێ لەخۆبگرێت"، هەروەها، "زیادکردنی سەرمایەی بانکی خانووبەرە بە بڕی 500 ملیار دینار، تاوەکو هاووڵاتیان بۆ قەرزی نیشتەجێبوون وەری بگرن."

لیژنەکە جەختیشیکردەوە، "بڕی پێنج ترلیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ دەستەبەرکردنی شایستەی جووتیاران بۆ کڕینی بەرهەمی گەنم و جۆ".