بەرنامەی باسی ڕۆژ چاره‌نووسی پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی كه‌ركووك تاوتوێ دەکات

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی بەرەی تورکمانی و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی، تاوتوێی چارەنووسی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووکیان کرد و جەختیان لەسەر دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک بە ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان کردەوە.

لە دەستپێکدا پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند، کەرکووک شارێکی فرە پێکهاتەیە، هەروەها دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکووک دەبێت بە ڕەزامەندی هەمووان بێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاماژەی بەوە دا، پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بەشدار بن، هەروەها ئێستە گفتوگۆی سیاسی لە نێوان پێکهاتەکان هەیە بۆ مەبەستی دەستنیشانکردنی پارێزگایەک بۆ کەرکووك.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، هەڵبژاردنێکی بێ کێشە لە کەرکووک بەڕێوە چوو، لەکاتێکدا ململانێیەکی سیاسیی زۆر لە کەرکووکدا هەیە. پەروین فاتیح، باسی لەوەش کرد، پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کوردە و کورد لە پارێزگاکە خاوەنی هەشت کورسییە.

لەبارەی پۆستی پارێزرگاری کەرکووکەوە، پەروین فاتیح، زیاتر گوتی: حەوت ساڵە پارێزگای کەرکووک لای پێکهاتەی عەرەبە و کورد حەوت ساڵە لە پارێزگاکە ستەمی لێ دەکرێت.

ناوبراو گوتیشی: ڕاکان جبووری جیاوازی لەنێوان گەڕەکەکان دەکات، جەختی لەوەش کردەوە، پۆستی پارێزگاری کەركووک بە پارتی ناده‌ن.

لەلایەکی دیکەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: پارتی بڕوای بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان هەیە و  پارتی خزمەتی تەواوی پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، باسی لەوە کرد، پارتی بڕوای بە سڕینەوەی لایەنەکان نییە و پارتی و یەكێتی هەوڵی رێککەوتن دەدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، پارتی لەگەڵ کەسێکی تەکنۆکراتە بۆ پارێزگاری کەركووک، هەروەها دوای 16ـی ئۆکتۆبەر نادادپەروەری زۆر لە کەرکووک هەیە.

حەسەن مەجید، لەبارەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، گوتی: پارتی و یەکێتی لەسەر دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک ڕێک نەکەوتوون. جەختی لەوە کردەوە، پارێزگاری داهاتوو دەبێت خزمەتی تەواوی پێکهاتەکان بکات.

لای خۆیەوە، ئەحمەد ڕەمزی، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی بەرەی تورکمانی، ڕایگەیاند، بەرەی تورکمانی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ لایەنەکان هەیە، هەروەها لە ڕابردوودا قەیرانی متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک هەبووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان پێکهاتەکان هەیە، هەروەها کەركووک پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاترە.

ناوبراو دەڵێت: کەرکووک رووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافیا بووەتەوە و پێویستە پۆستی پارێزگار بە شێوەی خولی بێت، ئەحمەد ڕەمزی، جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت متمانە لە نێوان پێکهاتەکان بگەڕێتەوە.

هەروەها ئەحمەد عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی گوتی: ئیدارەی خۆجێی کەرکووک پێویستی بە ڕێککەوتن هەیە و پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی پێكهاته‌ی عەرەبە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی، گوتیشی: سازش لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک ناکەین، هەروەها یاسای هەڵبژاردن خراپ هەموار کراوەتەوە.

لە دوای 18ساڵ، دانیشتووانی کەرکووک ڕۆژی دووشەممە (1ـی کانوونی یەکەمی 2023)، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 16 ئەندامی نوێی ئەنجومەن، کە 11 کورسی ئەنجومەنەکە بۆ پیاوان و چوار کورسیشی بۆ ئافرەتان و یەک کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان بوو، ئێستا کورد حەوت کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیە.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدانیان کرد لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێک هاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکرا. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 15 کورسیی گشتی و یەک کورسیی کۆتای کریستیانەکان پێک هاتووە و کورد لە کەرکووک چاوی لەوەیە زیاتر لە نیوەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگارێک بۆ شارەکە هەڵبژێرێت.

دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بریتییە لە هەڵبژاردنی پارێزگار و جێگرەکانی و بەرپرسانی ئیداری، هاوکات دەسەڵاتی لادان و لێپرسینەوەشی لە کارەکانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێریکردن و پەسەندکردنی پلانی پرۆژەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەشێکی دیکەیە لە ئەرک و دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

Fly Erbil Advertisment