ئەندامێکی حەماس: ئیسرائیل تەنیا قۆناغی ئازادکردنی بارمتەکانی دەوێت

تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە دروازەی ڕەفەح سنووری کەرتی غەززە - میسر
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل لە دروازەی ڕەفەح سنووری کەرتی غەززە - میسر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ڕایگەیاند، ئیسرائیل تەنیا یەک قۆناغی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەمەریکای دەوێت، ئەویش تەنیا ئازادکردنی بارمتەکانە.

ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس ڕایگەیاند، بێجگە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، بە هیچ رێککەوتنێکی دیکە قایل نابن.

نێوەندگیرەکان گەرەنتی ئەوە دەکەن گفتوگۆکان بەردەوامبن، تاوەکو هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتن، ئەمە ئەوە بوو سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی پێدا.

ئەو ئەندامە دەڵێت، "ئەمەی ئێستە ڕوودەدات دەریدەخات، ئیسرائیل تەنیا یەک قۆناغی پێشنیازەکەی دەوێت، بارمتەکان ببات و دواتر دەست بە شەڕانگێزیی بکاتەوە".

هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە داگیرکاران ئاگربەستیان ناوێت، ئەگەر هەڵوێستێکی ڕژد نەبێت بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە بە تەواوی، ئەوەش دەرگا بەڕووی ڕێککەوتن دەکاتەوە، جیا لەوە بە ڕێککەوتنێکی دیکە قایل نابین، کە ناڕوون بێت و گەرەنتی ئاگربەستی هەمیشەیی نەکات. ئێستاش چاوەڕێی هەڵوێستی ڕوونی ئیسرائیلین.

لە 31ـی ئایاردا بایدن پێشنیارێکی سەبارەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیاند.

ئیسرائیل لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو پێشنیازە ڕایگەیاند کە هێشتا لە هەوڵی گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانیدایە لە کەرتی غەززە، هاوکات حەماس ڕایگەیاند کە بە "ئەرێنی" سەیری ئەو پێشنیازە دەکات.