وادەی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکرێت

دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت
دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت

ئەمڕۆ پێنجشەمە، 6ـی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لای خۆیەوە د. محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە چاودێری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەبێت وەزارەتی دارایی بڕیار بدات کەی مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، بەڵام "بە بڕوای من ڕۆژی شەممە دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار".

محەممەد زراری گوتیشی، "خشتەی دابەشکردنی مووچە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەمان خشتەی مانگی ڕابردووە کە مووچە دراوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی (کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، شەهیدان و کاروباری ئەنفال، گرێبەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان)ـی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستا فەرمانی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار و پێنجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەرنەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، 02-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە، ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. دەبووایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

Fly Erbil Advertisment