ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە حزبی تەقەدوم جیا بوونەوە

K24 – بەغدا:
ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جیابوونەوەیان لە حزبی تەقەدوم ڕاگەیاند و کوتلەیەکی نوێیان بەناوی موبادەرە "دەستپێشخەری" پێک هێنا.
ڕۆژی پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) ژمارەیەک پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە سەرۆکایەتیی زیاد جەنابی، کوتلەی موبادەرەیان ڕاگەیاند و جیابوونەوەی خۆیان لە حزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ڕاگەیاند.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەندامانی کوتلە نوێیەکەی سوننەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە پێناو دەربازکردنی پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لە چەقبەستوویی، ئەو بڕیارەیان داوە و بەشێوەیەکی یەکسان لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا مامەڵە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوی کوتلەدا هاتووە: "كوتله‌كه‌مان په‌یڕه‌وی بنه‌مای یه‌كهه‌ڵوێستی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات و داوای به‌ده‌ستهێنانی ئامانج و داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه به‌ڕێزه‌كه‌مان ده‌كه‌ین له به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له ڕێككه‌وتنی سیاسی‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی كه له‌سه‌ر بنه‌ماكه‌ی حكوومه‌ت پێكهێنرا. هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه داوا له‌سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵمان هاوكار بن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان".
ئەندامانی کوتلەی موبادەرە بریتییە لە (زیاد جەنابی، عەدنان جحێشی، غاندی محەممەد کەسنەزانی، کەریم ئەبو سۆدە، حامید کەرغولی، فەهد مشعان، بەسمە بەسیم و یەحیا عیساوی) هەروەها هەردوو ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا (عەممار حەمدانی و عەلی عیساوی).
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (13ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە پەرلەمانتاران مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی و محەممەد نوری عەبدرەبە و کەسایەتی سیاسیی شێخ فارس ئەلفارس پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند و پێکهێنانی کوتلەکەشیان بە پێویستی نیشتمانیی قۆناغەکە وەسف کرد.
بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون و کوتلەی موبادەرە، دوای هەریەکە لە هاوپەیمانییەکانی (تەقەدووم، سیادە، حەسم، عەزم و سەدارە) دەبێتە شەشەم کوتلەی سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق.
لە دانیشتنی ڕۆژی (18ـی ئایاری 2024)ـی پەرلەمانی عێراق، دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدا کرد.
هاوکات، هەر چوار کاندیدەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و وەرگرتنی پۆستەکە یەکلایی بکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نێوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، ئەم گەڕەش بەبێ یەکلابوونەوە کۆتایی هات. بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا، بەشێوەیەک کە دەنگەکانی گەڕی دووەم بەو شێوەیە بوو؛ مەحموود مەشهەدانی 137 دەنگ، سالم عیساوی 158 دەنگ، عامر عەبدولجەبار سێ دەنگ.