ئەڵمانیا ئامادەکاریی بۆ جەنگ دەکات

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پوتین لە جەنگی ئابووریدایە و ئامادەکاریی بۆ ململانێیەکی دیکە دەکات، دەبێت تاوەکو 2029 ئامادەبن بۆ جەنگ.
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا لە سنووری ئۆکرانیا ناوەستێت و دواتر دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر خاکی ناتۆ.
ئەو وەزیرە گوتیشی، "نابێت بەرگریی و ئامادەیی خۆمان فەرامۆش بکەین. جەنگی ئابووریی پوتین ئامادەکارییەکە بۆ جەنگ و ململانێیەکی دیکە، دەبێت تاوەکو ساڵی 2029 ئامادەی جەنگ بین. دەبێت ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان بکەین".
بۆریس پیستۆریەس ئەوەشی خستە ڕوو، دەبێت درک بەوە بکەین، بە سەرکەوتنی پوتین باجەکەی دەدەین، زۆر زیاتر لەوەی ئێستە لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا خەرجی دەکەین. ماوەیەکی زۆرە ڕووسیا لە جەنگی ئابووریدایە و خۆی پڕچەک دەکات. "ئێمە نابێت باوەڕ بەوە بکەین، پوتین لە سنوورەکانی ئۆکرانیا بوەستێت"، لە کۆتاییدا دەبێتە هەڕەشە بۆ جۆرجیا، مۆڵدۆڤا و ناتۆ".