ڕێژەی بێکاریی لە غەززە گەیشتووەتە سەدا 79.1

ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)
ژمارەیەک هاووڵاتیی غەززە (وێنە: AP)

هەشت مانگە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە؛ جگە لە کورژان و برینداربوونی دەیان هەزار کەس، زیانێکی زۆری ئابووری بە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژاوا گەیشتووە. تەنیا لەو کەرتە 200 هەزار دەرفەتی کار لە دەست چووە و نزیکەی سەدا 80ـی خەڵکەکەی بێکار بوونە.

دۆخی کارەساتباری کەرتی غەززە، نەبوونی بژێویی ژیان، بێکاری و وێرانبوونی ژێرخانەکەی، خێزانەکانی غەززەی ناچار کردووە کرێکاری بە منداڵەکانیان بکەن. ئەمە دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە؛ تێیدا باس لە زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژاوا له‌میانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دەکات.

گیڵبێرت هۆنگبۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەوبارەوە دەڵێت، "لە سەرەتای هێرشی تۆقینەری حەماس و دەستپێکی جەنگێکی بێبەزییانە لەلایەن ئیسرائیل، بازاڕی کار لە غەززە داڕماوە. لە دوای ساڵی 1967 ئەمساڵ سەختترین بووە بۆ کرێکارانی فەڵەستین و هەرگیز دۆخەکە بەم شێوەیە سەخت نەبووە."

دوای 07ـی ئۆکتۆبەری 2023 ڕێژەی بێکاری لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە ٪79.1 و نزیکەی 200 هەزار دەرفەتی کار لە دەست دراوە. لە کەناری ڕۆژئاواش ڕێژەی بێکاریی گەیشتووەتە ٪32 و بە تێکڕا بێکاری لەو دوو ناوچەیەی فەڵەستین گەیشتووەتە ٪50.8.

بەهۆی شەڕ و وێرانکاری لە هەشت مانگی ڕابردوو، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی تەنیا لە کەرتی غەززە ٪83.5 کەمی کردووە، هەروەها لە کەناری ڕۆژاوا بەڕێژەی ٪22.7 کەمی کردووە، واتا بە تێکڕا لە ٪32.8 کەمی کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ، ئاستی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت لە کەرتی غەززە لە چوار مانگی یەکەمی شەڕی ئیسرائیل و حەماس ٪85.8 دابەزیوە و بەبڕی 810 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە. لە کەناری ڕۆژاواش ٪27 دابەزیوە و بەبڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار زیانی پێ گەیشتووە. واتا لە چوار مانگی یەکەمی شەڕ کەرتی تایبەت لە ناوچەکانی فەڵەستین ڕۆژانە 19 ملیۆن دۆلار زیانی پێگەیشتووە.

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی مەزندەی دەکات ئەگەر لە ئابی ئەمساڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماس کۆتایی بێت، ڕێژەی بێکاریی لە فەڵەستین ٪47.1 دەبێت. ئەمەش وایکردووە، حکوومەتی فەڵەستین ٪50 مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی پاشەکەوت بکات.

Fly Erbil Advertisment