سلێمان موحسین: ڕاگەیەنراوی دوو ئەندامەکەی دەستەی مافی مرۆڤ گوزارشت لە بۆچوونی دەستەکە ناکات

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، بۆچوونی خۆی لە بارەی ڕاگەیەنراوی دوو ئەندامەکەی دەستەکە دەربڕی و گوتی: ئەو دوو ئەندامە لە ژێر فشار ڕاگەیەنراویان دەکردووە. جەختی لەوەش کردەوە، دەستەی مافی مرۆڤ بەبێ لایەنی کاری خۆی دەکات.
یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، سلێمان موحسین سندی، ببەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، وەڵامی ئەو ڕەخنە و پرسیارانەی دایەوە کە لە بارەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوی جیاواز و دژ بەیەک ئاراستەی دەستەکەیان کرابوو.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، جەختی کردەوە، کە دەستەکە تەنیا یەک ڕاگەیەنراوی فەرمی لە ڕۆژی هەینی دەرکردووە و ئەو ڕاگەیەنراوە گوزارشت لە سیاسەتی دەستەکە دەکات.
سەبارەت بە دوو ڕاگەیەنراوەکەی دیکە ڕوونیکردەوە، کە یەکێکیان ڕوونکردنەوەی سەرۆکی دەستە بووە بۆ جەختکردنەوە لەسەر بێلایەنی، بەڵام ئەو ڕاگەیەنراوەی لە لایەن دوو ئەندامی ئەنجوومەنی دەستەکەوە دەرکرابوون، "گوزارشت لە سیاسەت و ڕای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ناکات."
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، کە بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2010، دەرکردنی ڕاگەیەنراوی فەرمی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و سەرۆکی دەستەدایە. هەروەها گومانی خۆی نیشاندا کە ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی دەستەکە لەژێر "زەخت و فشار"دا ئەو کارەیان کردبێت، چونکە لە ڕابردوودا شتی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بێلایەنیی دەستەکەیان، سلێمان موحسین، بە توندی بەرگری لە سەربەخۆیی دەستەکە کرد و ڕایگەیاند: "بە هەموو خەڵکی کوردستان دەڵێم، ئەگەر یەک کاری دەستە بە لایەنگیریی سیاسی ببینن، ئەوا بێلایەنی خۆمان لە دەست داوە و دەتوانن سکاڵامان لەسەر تۆمار بکەن."
بۆ سەلماندنی بێلایەنیی دەستەکەیان بەرامبەر بە ڕەخنەی کارنەکردن لەسەر دۆسیەکانی سنووری هەولێر و دهۆک، سلێمان موحسین بە بەڵگەوە ئاماژەی بە چەندین دۆسیەی دیکە کرد کە لە ڕابردوودا کاریان لەسەر کردوون، لەوانە؛ شێروان شێروانی، هێمن مامەند و سیپان ئامێدی و چەندانی دیکە. گوتیشی: "ئێمە بەبێ جیاوازی کار بۆ هەموو دۆسیەکان دەکەین."
سەبارەت بە ڕووداوەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی لایەنگرانی "بەرەی گەل"، سلێمان موحسین پشتڕاستی کردەوە کە پرۆسەی دەستگیرکردنەکان تا ئێستاش بەردەوامە و بە توندی سەرکۆنەی کرد و گوتی: "ئەمە شێوازێکی خراپە بۆ سومعەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان، ناکرێت خەڵکی سڤیل بەهۆی ئینتیمای سیاسییەوە دەستگیر بکرێت."
گوتیشی: پێشبینی دەکەین بەشێک لە گیراوانی لالەزار لای دژەتیرۆر و کۆماندۆ بن، هەروەها تا ئێستا 161 ئەندامی دووپشک لە ئاسایشی سلێمانی زیدانی کراون. لەبارەی ئارام قادریش، ئاشکرای کرد، ڕێگەمان پێنەدراوە تا ئێستا ئارام قادر ببینین.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەبارەی دەستگیرکردنی هاووڵاتییە ئەمەریکییەکە لە ڕووداوەکەی لالەزار ڕایگەیاند: کە دەستەکەیان بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە.
لە کۆتاییدا، سلێمان موحسین سندی، داوای لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، حکوومەت و ئەنجوومەنی دادوەری کرد کە لیژنەیەکی باڵا و پسپۆر بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکانی ڕووداوەکەی لالەزار پێکبهێنن. هاوکات دڵنیاییشی دایە کەسوکاری دەستگیرکراوان کە دەستەی مافی مرۆڤ تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات و لەسەر بێلایەنیی خۆی بەردەوام دەبێت.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.