کۆمپانیای سۆمۆ: سزاکانی ئەمەریکا هەناردەی نەوتی عێراق ناگرێتەوە

عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، ئەو سزا نەوتییانەی کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەپێنراون، هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکەیان ناگرێتەوە.

لە سەرەتای مانگی تەممووزدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزاکانی بەسەر تۆڕێکی قاچاخچێتی نەوتی ئێران لەژێر ناوی عێراق ڕاگەیاند، ئەوەش پشتڕاستی کردەوە کە تۆڕەکە لەلایەن بازرگانێکی عێراقی سەلیم ئەحمەد سەعیدەوە بەڕێوەدەبرێت.

لەوبارەوە، عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە دەرچووە، پەیوەندی بە بەندەرەکان و هەناردەی نەوتی عێراقەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسایەتییانەوە هەیە کە خاوەن کۆمپانیای تایبەت و گواستنەوەن، بۆیە ئەمانە پەیوەندییان بە کۆمپانیای سۆمۆوە نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پابەندین بە هەموو ڕێنمایی و بڕیارێکەوە بۆ پاراستنی سامانەکانی عێراق.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاند، "تۆڕێک لە کۆمپانیاکان کە لەلایەن سەلیم ئەحمەد سەعید بازرگانێکی عێراقییەوە بەڕێوەدەبرێت، لانیکەم لە ساڵی 2020ەوە بە بەهای ملیارەها دۆلار نەوتی ئێران دەکڕن تێکەڵاوی نەوتی عێراق دەکەن و دەیفرۆشن."

سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەمریکا گوتی: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەئامانجگرتنی سەرچاوەکانی داهاتی تاران، هەورەها گوشارە ئابوورییەکان بۆ تێکدانی سەرچاوە داراییەکانی سووتەمەنی زیاتر دەکات.

پێشتر وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، ئێران بەڵگەنامەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ساختە کردووە و ناوی عێراقی بەکارهێناوە بۆ هەناردەکردنی نەوت، دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق واشنتنی ئاگادار کردۆتەوە کە ئەوان بەرپرسیار نین لەم بارانە و سۆمۆ لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێری سەرجەم بارەکانی خۆی دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment