گەرمایەکی پڕوکێنەر باشووری عێراق دەگرێتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پلەکانی گەرما بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بەرز دەبێتەوە و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕادەی شێ لە بەرگە هەوای باشووری عێراق زیاتر دەبێت.
هەر بە گوێرەی پێشبینیییەکان لە ئەمڕۆ شەممەوە تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەهۆی کاریگەری شەپۆلە گەرمایەکەوە لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق پلەکانی گەرما تا ڕادەی 50ی سیلیزی بەرز دەبنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێکی ڕۆژهەڵاتی عێراق بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کەمترە.
دەستەی کەشناسی عێراق ئاماژەی داوە، بە گوێرەی پسپۆرانی چاودێری کەشوهەوا پێشبینی دەکرێت هاوینی ئەمساڵ گەرمایەکی تاقەتپڕوکێن عێراق بگرێتەوە.
هەروەها پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوو تاوە بارانێکی پچڕ پچڕ بەرزاییەکانی باکووری دهۆک و بەشێک مووسڵ بگرێتەوە، زیادبوونی شێ لە هەوادا لە ئەمڕۆوە لە باشووری عێراق دەست پێ دەکات و تاوەکوو بەرەبەیانی چوارشممە بەردەوام دەبێت.
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان لە چوارەم هەفتەی ئەم مانگەدا شەپۆلە گەرمایەکی بە تین بەشێکی زۆری عێراق دەگرێتەوە و ناوەندی چاودێری کەشناسی ئەوروپاش هۆشداری داوە، ئەگەر هەیە پلەکانی گەرما لە باشووری عێراق و کۆتایی ئەم مانگە بگاتە 55 پلەی سیلیزی.