زیدان پەیامێکی سەرنجڕاکێش بۆ کیلیان ئێمباپێ دەنێرێت

زەینەدین زیدانی فەرەنسی، ئەفسانە و راهێنەری پێشووی ریاڵ مەدرید، پەیامێکی گرنگ و کاریگەری بۆ کیلیان ئێمباپێ نارد.
زیدان لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی "تێلیفۆت"ی فەرەنسی گوتی: ئێمباپێ ئێستا لە شوێنی گونجاوی خۆیەتی، بە بۆچوونی من لە ریاڵ مەدرید مێژوو دروستدەکات و پێش هەمووان دەکەوێت.
رۆژی دووشەممە 2024/06/03 یانەی ریاڵ مەدرید بە فەرمی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە بۆ ماوەی پێنج وەرز و بە خۆڕایی راگەیاند.
ئێمباپێ شیرینی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆیە و ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، کە نزیکە لەو بڕە پارەیەی ڤینیسیۆس و بێلینگهام لە یانەکە وەری دەگرن.
جگە لەوەی لەگەڵ بەدەستهێنانی هەر نازناوێك لەگەڵ یانە شاهانەکە ئێمباپێ بڕە پارەیەك وەردەگرێت و 70%ی مافی وێنەکانی بۆ خۆیەتی و تەنها 30%ی بۆ ریاڵ مەدریدە.
بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانە فەرەنسییەکە لەگەڵ ریاڵ مەدرید یەك ملیار یۆرۆیە.
کیلیان ئێمباپێ تەمەنی 25 ساڵە و نرخی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 180 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ریاڵ مەدرید بە خۆڕایی گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرد.