ڕێگەوبانی دهۆک: پرۆژەی تونێلی "گەلیی زاویتە" قەرەباڵغیی هاتوچۆ ناهێڵێت

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بە جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "گەلی زاویتە"، قەرەباڵەغیی گەلییەکە نامێنێت و کارئاسانییەکی زۆر پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 08-06-2024، ڕێدیر سلێمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "گەلی زاویتە" میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی کوردستان24 بوو کە لەلایەن عەباس زێبارییەوە پێشکەش کرا.

ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران لەسەر پرۆژەی تونێلی "گەلی زاویتە"

وەکو ئەوەی ڕێدیر سلێمان باسی کرد، لە ماوەی ڕابردوودا قەرەباڵغییەکی زۆری هاتوچۆ لە گەلی زاویتە هەبوو بە تایبەت لە کاتی بۆنە و پشووەکاندا، بۆیە پێشنیازی جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "گەلی زاویتە"ـیان کرد بە مەبەستنی نەهێشتنی قەرەباڵغییەکە. گوتیشی، "بە خۆشحاڵییەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازەکەمانی قبووڵ کرد و ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەکە داوە". 

درێژایی تونێلەکە 750 مەترە و دوو ساید دەبێت. ڕێدیر سلێمان جەختی لەوە کردەوە، جێبەجێکردنی پرۆژەکە کاریاسانییەکی زۆر پێشکەشی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات و قەرەباڵغیی هاتوچۆی گەلیی زاویتە ناهێڵێت.

پرۆژەکە لە وەزارەتی ئاوەدانکردن و نیشتەجێکردنە

بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک؛ پێشنیازی پرۆژەی تونێلی "گەلی زاویتە" ئێستە لە وەزارەتی ئاوەدانکردن و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. وەزارەتەکە بانگەوازیی کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکات و سیڤییەکانیان وەردەگرێت.

بە گوتەی ڕێدیر سلێمان، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێداچوونەوە بە سیڤیی کۆمپانیاکان دەکات و باشترینیان هەڵدەبژێرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆمپانیایەی پرۆژەکە وەردەگرێت، دیزاینی پرۆژەکە دەکات و لە قۆناغی دووەمدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکات.

پرۆژەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری پارێزگای دهۆک

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دینار، زیاتر لە 971 پرۆژەی گەورە و بچووکی لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردووە. هاوکات ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی زیاتر لە 50 پرۆژەی دیکەی خزمەت گوزاری دەرچووە.

زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا لە سنووری پارێزگاکە جێ بەجێ کراون، پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەبوون؛ واتە لە بوارەکانی ڕێگەوبان، پەروەردە، کارەبا، ئاو و چەند بوارێکی دیکە بوون. بە بەڕێوەبەرانی قەزا و ناحیەکان، ڕای هاووڵاتییانی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا وەرگرتووە.

دانانی بەردی بناغەی دوو پارک و ڕێگەیەکی ستراتیجیی

ڕۆژی دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.

دواتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چووە باعەدرێ و و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیتی دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە تەواوبوونی، هەموو ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.