بەرهەمی پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ 300 هەزار تۆنە
بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە و جووتیاران کۆی دەکەنەوە. بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە؛ پێشبینیش دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی دەشتی ناوکوڕ، زیاتر لە 300 هەزار تۆن پەتاتە بێت.
لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ ساڵانە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە 30 هەزار دۆنم زەوی پەتاتە دەچێندرێت. موحسین عەبدوڵڵا، جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و ئەمساڵ ڕووبەری زیاتر هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچاندبوو و ئێستا سەرقاڵی کۆ کردنەوەی بەرهەمەکەیەتی.
موحسین دەڵێت، "ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و 200 دۆنم زەویم بە پەتاتە داچاندبوو. بەرهەمەکەمان زۆر بە باشی پێگەیشتووە، بەرهەمێکی تازە و خۆماڵییە. ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتەین".
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 100 هەزار تۆن پەتاتە هەیە، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکە بگاتە زیایت لە 650 هەزار تۆن پەتاتە؛ بۆیە حکوومەت هەوڵی بە بازاڕکردن و هەناردەی دەدات، بە تایبەت بۆ وڵاتانی کەنداو.
مازن عەلی، لەبارەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران ئاماژە بەوە دەدات، "زۆر سوپاسی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی دەکەین کە بەردەوام کاری بۆ هەناردەی بەرهەمی جووتیاران و بەتایبەت بەرهەمی پەتاتە کردووە. هیوادارین ئەمساڵیش بەرهەمەکان هەناردە بکرێت، بڕێکی کەمیش هەناردە بکرێت، هەر گرنگە".
بە گوتەی شارەزایانی بواری چاندن، هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زۆر گرنگە و هانیان دەدات زیاتر گرنگی بە کارەکەیان بدەن و پەرەی پێ بدەن.
لەوبارەوە ئەنوەر خدر، ئەندازیاری کشتوکاڵ، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی شێخان دەڵێت، "کابینەی نۆیەم زۆر گرنگی بە هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران دەدات، بە تایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی پەتاتەی هەناردەی وڵاتانی کەنداو کردووە، ئەمە هانی جووتیاران دەدات، پەرە بە کارەکەیان بدەن".
پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ بگاتە سەرووی 300 هەزار تۆن. دوای کۆکردنەوەی پەتاتەکان، لە تاقیگەیەکی کشتوکاڵیی ناوچەکە پشکنینیان بۆ دەکرێت و پاشان بەشێکیان دەبردرێن بۆ کۆگایەکی ناوچەکە؛ لەوێ بە نوێترین ئامێری سەردەمیانە کە تێیدا ڕەچاوی پلەی گەرما و ڕادەی شێ دەکرێت، هەڵدەگیرێن.
لە ساڵی 2009ـەوە چاندنی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم دەشتە ناوەندی بەرهەمهێنانی پەتاتەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. پەتاتە بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکرێت، یەکەمیان پەتاتەی خواردنە و نزیکەی 30 جۆری هەیە، ئەوەی دیکەش پەتاتەی پیشەسازییە کە نزیکەی شەش جۆری هەیە و بۆ چپس و فینگەر بەکاردێت، لەم دەشتەش هەردوو جۆرەکەی دەچێندرێت.
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی لە یەکی شوباتەوە دەست بە چاندنی پەتاتە دەکرێت تا یەکی ئادار و لە سەرەتای مانگی حوەزیرانیش وەرزی کۆکردنەوە دەست پێ دەکات، هەروەها شێوازی چاندنەکەش ئەوەیە کە دووری نێوان دوو بنەتۆ 25 سانتیمەترە و قوڵاییەکەشی 20 سانتیمەترە.