نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) سەبارەت بە گۆڕانی ئاووهەوا لە هەرێمی کوردستان
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM)، ھەڵسەنگاندنێکی تۆکمەی سەبارەت بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا گرفتە بەرچاوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاشکرا دەکات کە مەترسییان لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە هەیانە.
ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوانە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە نێوان ئەیلوول و کانوونی دووەمی 2023 کۆکراونەتەوە، شیکارییەکی قووڵی ئەو ئاستەنگە ژینگەییانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە دەخاتە ڕوو، بە بایەخێکی تایبەت بە جیاوازییەکانی ناو بەشە جیاوازەکانی ناوچەکە و بەراوردکردن لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئەمەی بەردەستتان کورتکراوەی ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی بارانبارین
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرمای بەخۆیەوە بینیووە. لە نێوان ساڵانی 1970 بۆ 2004، تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە عێراق 1-2 پلەی سەدی بەرزبووەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی ئاووهەوا لە هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی کە هەرێمی کوردستانیش لەم ڕەوتە بێبەش نییە. بە پێی ڕاپۆرتەکە، کوردستان گەرمبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە کە کاریگەری لەسەر ئیکۆسیستەمەکانی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی کوردستانەوە هەیە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێشبینییەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی زیاتری بارانبارین بە ڕێژەی 25% دەکەن تا ساڵی 2050، ئەمەش کێشەکانی کەمیی ئاو لە ئێستە قوولتر دەکات.
پێوەرەکانی گوشاری ئاوی دامەزراوەی نێودەولەتی "سەرچاوە جیهانییەکان" (World Resources Institute)، عێراق بەو شێوەیە پۆلێن دەکات کە ئاستی گوشاری ئاوی "زۆر بەرز"ی هەیە. بۆیە، ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە ستراتیجییەکی کاریگەر و بەپەلە هەیە بۆ چاکتر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو.
مەترسییە ژینگەییەکان و کاریگەرییەکانیان لە ناوچەکەدا
ڕاپۆرتەکە باس لە تۆپۆگرافیای هەمەچەشنەی هەرێمی کوردستان دەکات و نووسیویەتی، لە ناوچە شاخاوییەکانەوە تا دەشتە بەپیتەکان، ئەم تۆپۆگرافیای هەمەچەشنە کاریگەری لەسەر سروشت و مەترسییە ژینگەییەکان هەیە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.
ڕەشەبای خۆڵ و تۆز یەکێکە لە مەترسییە دیارەکانی بەردەم ئاووهەوای هەرێمی کوردستان. ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ڕەشەبای خۆڵ و تۆز، کە بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و شێوازەکانی بەکارهێنانی زەوی ناوچەییەوە ڕێژەکەی و دووبارەبوونەوەکەی کەم و زۆر دەبێت. ئەم ڕەشەبایانە مەترسییەکی بەرچاو لەسەر تەندروستی دروست دەکەن و چالاکییە کشتوکاڵییەکان تێک دەدەن، بەتایبەتی لەو ناوچانە کە لە چاو بەشەکانی دیکە وشکترن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازی جۆری مەترسی و ئالینگارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەراست و خوارووی عێراق دەدات. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە بە بەراورد لەگەل هەرێمی کوردستان، ناوەڕاست و باشووری عێراق بە دیمەنە بیابانییە بەرفراوانەکەیەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگی ژینگەیی جیاواز دەبێتەوە، لەوانە شەپۆلی گەرمای پرۆکێنەرتر و وشکەساڵی درێژخایەنتر.
ئەم بارودۆخانە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق نەک تەنها مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکەن بەڵکو سەرچاوە ئاوییەکان و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیش تووشی گوشاری زیاتر دەکەن.
کەمی ئاو: ئالینگارییەکی گرنگ
کەمی ئاو، پرسێکی گرنگە لە سەرانسەری عێراق، بەڵام کاریگەرییەکانی لە نێوان هەرێمەکاندا جیاوازن. لە عێراق، سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەکی زۆر وابەستەی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان دەکات. ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی کە پێشبینی دەکرێت سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی تورکیا و ئێران، تا ساڵی 2030 ببتە هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونی ئاوی ڕووبارەکان بە ڕێژەی 50%.
ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم کەمبوونەوەیە پێشبینی کراوە و مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە لە ئێستاوە لەگەڵ سنوورداربوونی بارانبارین و خواستی زۆری ئاودا کێشەی هەیە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە بە بەراورد لەگەل هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ چاکتر بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کەمی ئاو کێشەیەکی قووڵترە و دەسەلاتی ناوەندی زیاتر ئەگەری ئەوەی هەیە کە ڕووبەڕووی ئالینگاری جیددی تر ببتەوە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ئالینگارییانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە پلەی یەکەم بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و شێوازە بەسەرچووەکانی ئاودێریەوەیە.
تێکچوونی زۆنگاوەکانی باشوور، کە سەردەمانێک لە گەورەترین ئیکۆسیستەمی زۆنگاوەکانی جیهان بوون، بەردەستبوونی ئاو لەم ناوچانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر زیندەفرەجۆری یاخود بایۆدیڤێرسیتی ناوخۆیی و بژێوی نەریتی ئەم تالاوانە هەبووە.
ژیوار و گوزەرانی ژیان لە مەترسیدایە
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پەیوەندی تۆکمەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کشتوکاڵ دەدات. لەم سۆنگەیەوە نووسیویەتی کە ژیوار و گوزەرانی ژیان بۆ دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زۆر وابەستەی کشتوکاڵە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر مەترسی لەسەرە. کەمبوونەوەی بارانبارین و کەمیی ئاو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرهەمی بەروبووم و تەندروستی ئاژەڵان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتەسەر شێوازەکانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەدات کە جووتیارانی هەرێمی کوردستان شێوازە ناپایەدارەکان دەگرنەبەر، وەک زیادەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گۆڕانکاریانە، ئەمەش یەدەگی ئاوی پێویست زیاتر کەم دەکاتەوە.
لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە کاتێکدا ئابووری هەمەچەشنترە، هێشتا پێکهاتە کشتوکاڵییەکان بەهۆی کەمیی ئاو و سوێریی خاکەوە بەرەوڕووی ئاستەنگی گەورەتر دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە رێژەی کۆچی خەڵک لە لادێوە بۆ شار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەل هەرێمی کوردستان. هۆی ئەمەش دەگەرێنێتەوە بۆ دابەزینی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ناوچەکانی ناوەراست و خوارووی عێراق؛ ئەمەش زۆر لە دانیشتوانی ئەم ناوچانە ناچار کردووە بۆ شارەکان کۆچ بکەن و بەدوای هەلی کارێکی سەقامگیرتر بگەرن؛ ئەمەش هۆکارێکی ترە لە جەنجاڵی نێو شارەکان و زیادبوونی گوشار لەسەر ژێرخانی شارەکان.
جیاوازییەکان لەناو هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان لە ڕووی جۆگرافیاکەیەوە خۆی یەکەیەکی یەکپارچە نییە، بەلکو لە ناوچە لاوەکییە جۆراوجۆرەکان پێکدێت کە هەرکام لەم ناوچانە بارودۆخی کەشوهەوا و ژینگەیی جیاوازیان هەیە.
بۆ نموونە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری هەرێمی کوردستان پلەی گەرمی فێنکتر و بارانبارینی زیاتر بە بەراورد بە دەشتەکانی ناوەڕاست ئەزموون دەکەن. بەڵام تەنانەت ئەم ناوچانەی کە تاڕادەیەک تەڕتر و خووساوترن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی شێوازی بارانبارین ڕووبەڕووی زیادبوونی گوشار دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەوە بەوەش دەکات کە دەشتە ناوەڕاستەکانی هەرێمی کوردستان کە ناوچە کشتوکاڵییە سەرەکییەکان لەخۆدەگرن، بە تایبەتی بەرەوڕووی کەمی ئاو و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا دەبنەوە.
بەشەکانی باشووری هەرێمی کوردستان کە نزیکترن لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق، رووبەرووی بارودۆخی کەشوهەوای سەختتر دەبنەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمتر بارانبارین، ئەمەش وادەکات کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەم ناوچانە ڕووبەڕووی ئالینگاریی قوولتر و سەختتر ببنەوە.
ستراتیجییەکانی خۆگونجاندن و ڕووبەڕووبوونەوە
سەبارەت بە چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی کوردستان لەگەل ئەم ئالینگارییانە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە سیاسەت و رێکارەکانی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەدات.
ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی کە حکوومەت و خەڵکی هەرێم ستراتیجیی جۆراوجۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالینگارییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەمانە بریتین لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، وەرگرتنی تەکنەلۆجیای پاشەکەوتکردنی ئاو و جێبەجێکردنی سیاسەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە لەسەر بنەمای کۆمەڵەیەکی بچووکتر کە تیشک دەخاتە سەر چاکتر بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو و بەفیرۆنەدانی.
بەڵام زۆرجار کاریگەری ئەم ستراتیجیانە بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکان و ژێرخانی ناتەواوەوە گرفتی بۆ ساز دەبێت.
لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەوڵەکانی گونجاندن بریتین لە هێنانەکایەی تەکنیکە داهێنەرەکانی ئاودێری و پشتبەشتن بە جۆرەکانی بەروبوومی کشتوکاڵی کە توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵی و کەمئاوییان هەبێت.
سەرەڕای ئەوەش، ڕاپۆرتەکە جەخت لە گرینگی نۆژەنکردنەوە و بەڕێوەبردنی تاڵاوەکانی عێراق دەکات بۆ باشترکردنی رێکارەکانی ڕاگرتنی ئاو و پاراستنی زیندەفرەجۆری یاخود بایۆدیڤێرسیتی. بەڵام ئەم هەوڵانە زۆرجار بەهۆی ناکۆکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و پشتیوانییەکی کەمی حکومەتەوە کۆسپیان بۆ دروست دەبێت.
گرژی و ئەگەری ململانێ
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە ئەگەری گۆڕانی ئاووهەوا، و کەمی سەرچاوە بەهۆی ئەم گۆرانە ژینگەییە، ئەگەری زیادکردنی گرژی و ململانێ لە ناو هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات. کێبڕکێ لەسەر کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان توانای ئەوەی هەیە کە گرژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێستا خراپتر بکات، کە دواجار دەبێتە هۆی ململانێی ناوخۆیی.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر پێویستیی بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئاو و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بۆ ڕێگریی لە پەرەسەندنی ئەم کێشانە و زیاتربوونیان.
لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، قەیرانی ئاو لە ئێستاوە بۆتە هۆکاری ئاوارەبوونی بەرچاوی خەلک و نائارامی کۆمەڵایەتیی لێ کەوتووەتەوە. ئەو کۆمەڵگەیانەی کە بەهۆی وشکەساڵی و پیسبوونی ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، زۆرجار لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەسەڵاتداران بەریەککەوتنیان هەیە.
گرژییەکان و پەیوەندی شڵەژاوە نێوان دانیشتوانی ناوچەکان و حکوومەت جەخت لەسەر پێویستییەکی گرینگ دەکاتەوە بۆ داڕستنەوەی سیاسەتێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی ئاو بەشێوازێکی بەرفڕاوان و گشتگیرانەتر.
پێشنیارەکان بۆ ڕێکارەکانی داهاتوو
ئەم ڕاپۆرتە چەندین پێشنیار پێشکەش دەکات بۆ چارەکردنی ئەو لاوازییانەی کە دەستنیشانکراون. لەوانە:
1. بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی ئاو: جێبەجێکردنی ستراتیجییەکانی بەڕێوەبردنی یەکگرتووی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ باشکردنی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانی بەردەست و باشترکردنی کارایی لە بەرێوەبردنیان.
2. بەرزکردنەوەی شێوازە کشتوکاڵییەکان: پێشخستنی شێوازە کشتوکاڵییە بەردەوامەکان و ناساندنی ئەو جۆرە لە بەرهەمی کشتوکاڵی کە توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵی و کەمئاویدا هەیە بۆ بەرزکردنەوەی خۆڕاگری.
3. بنیاتنانی خۆڕاگری کۆمەڵگا: پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان کە خۆڕاگری و توانای خۆگونجاندن پەروەردە دەکەن، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا.
4. سیاسەت و حوکمڕانی: بەهێزکردنی سیاسەت و چوارچێوەی حوکمڕانی ناوچەیی بۆ دڵنیابوون لە هەوڵە هەماهەنگەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی کەشوهەوا.
5. هاوکاری نێودەوڵەتی: هاندانی هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان.
6. توێژینەوە و چاودێری: وەبەرهێنان لە سیستەمی توێژینەوە و چاودێریی بۆ دابینکردنی داتا لە کاتی خۆیدا و ئاگادارکردنەوەی ستراتیجییەکانی بەڕێوەبردنی گونجاوی.
ئەنجام
هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەری لەسەر ژینگە و ئابووری و پەیکەری کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە. دۆزینەوەکانی ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلە دەکەنەوە بۆ کردەوەی هەمەلایەنە و هەماهەنگ بۆ بنیاتنانی خۆڕاگری و پاراستنی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ چڕبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، هەرێمی کوردستان دەبێت ئەولەویەت بدات بە سیاسەتێکی کە لەسەر بنەمای ژینگەپارێزییەوە بێت؛ هەروەها، پێویستیشە حکومەتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان کاریگەرتر بێت، و سیستەمی پشتیوانی کۆمەڵایەتی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دابین بکات.