تێبینییەکانی پارتی، هەڵبژاردنی دواخست

بڕیاربوو ئەمڕۆ دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام تێبینی و نیگەرانییەکانی پارتی لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بۆ لابردنی کورسیی پێکهاتەکان؛ هەڵبژاردنەکەی دواخست.
بەپێی چوارەم مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو ئەمڕۆ دەنگدانی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام تێبینی و نیگەرانییەکانی پارتی لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی سەربارەت بە پرۆسەکە، هەڵبژاردنی دواخست، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، چاوەڕوانی مەرسومی پێنجەم دەکات.
دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ لابردنی 11 کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنە یاخود زیاتر، هەڵبژاردن لە 21ی شووباتی ئەمساڵ، لە رۆژی 30ـی ئاداری ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێک ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد.
پارتی وەک گەورەترین حیزب و خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانی لە پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمان، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بە "سیاسی و زیادەڕەوەیی" لە دەسەڵاتەکانی لە قەڵەم دا، بۆیە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، بەو ڕێکارانەی دادگەی فیدراڵی دایناوە و بەهۆی بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن.
بەشدارینەکردنی پارتی گومانی گەورەی خستە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لەکاتی خۆیدا واتە 10ی حوزەیران، بۆیە حزبەکانی دیکەش بە دوودڵییەوە لسیتی کاندید و هاوپەیمانێتییەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کرد. لایەنی دیکەش هەبوون سووربوون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات و پێداگریی پارتی لەسەر تێبینییەکانی دەربارەی هەڵبژاردن، دادگەی فیدراڵی لە بەشێک لە بڕیارەکانی پاشەکشەی کرد و پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان گەڕاندەوە و دابەشیکردن بەسەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان.
ئێستا جارێکی دیکە پارتی بە فەرمی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. لای خۆیەوە کۆمسیۆنیش چاوەڕێی پێنجەم مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن، بەشدارینەکردنی پارتی وادەی هەڵبژاردنی گۆڕی و بڕیاری لابردنی کورسیی پێکهاتەکانیشی بە دادگەی فیدراڵی هەڵوەشاندەوە.