خاوەن پێداویستانی تایبەت: حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە

دەیان کەس لە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان لە ناوەندی پارێزگای زیقار دژی نەبوونی ناوەندێکی تایبەت بۆ داواکردنی مافەکانیان و کەمی بڕی مووچەکانیان خۆپیشاندانیان کرد.

عەلی محەممەد، کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت "سەیرکە فەرمانگەی تایبەت بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکانی، لجنەی تەندروستی، سادەترین شت کە پەیوەست بێت بە خاوەن پێداویستانی تایبەت لێرە نییە. بۆچی کاتێک کە پڕۆژەیەک دەخرێتە بواری تەندرەوە کۆمپانیاکان دەیدزن؟ بۆچی چاودێریی نییە؟ لە کوێن دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی؟ هیچ شتێک نابینین کە دەوڵەت بۆ خاوەن پێداویستییانی تایبەتی کرد بێت".

نوێنەری خۆپیشاندەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگاکە ئاماژە بەوە دەکات گوزەرانی خاوەن پێداویستانی تایبەت لە عێراق خراپە و کەموکوڕیی گەورە هەیە، لەکاتێکدا مووچەکانیان وەکو پێویست نییە، هیچ بڕە پارەیەکیش لە بودجەی ساڵی 2024 بۆ زیادکردنی مووچەکانیان تەرخان نەکراوە.

ستار محسن،  نوێنەری خاوەن پێداویستانی تایبەت لە زیقار دەڵێت: "هەموو جارێک و ساڵێک بەبۆنەی جیاواز خۆپیشاندان دەکەین بۆ ئەوەی دەنگمان بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دەسەڵات، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت کێشەی زۆریان هەیە، کەموکورتی گەورە لە ژیانیان هەیە، حکوومەت کەمتەرخەمە لە بایەخدان بە دۆخی ژیانیان، بایەخ بە پێداچوونەوە بە دۆخی ژیانیان نادات. هیچ ناوەندێکی پەیوەندیدار نییە بۆ خاوەن پێداویستانی تایبەت. ئەو کەسانەی مێشکیان ئیفلیج بووە، لەکاتێکدا دۆخی ژیانی خاوەن پێداویستانی تایبەت زۆر خراپە مووچەکەشمان وەکو پێویست نییە تەنیا 125 هەزار دینارە. حکوومەت هیچ  بڕە پارەیەکی زیادەی بۆ زیادکردنی مووچەکانمان لە بودجەی ساڵی 2024 تەرخان نەکردووە".

بەگوێرەی ئامارەکان لە 15%ـی هاووڵاتییانی عێراق خاوەن پێداویستی تایبەتن، کە دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس، لەکاتێکدا تەنیا 16 سەنتەری چاکسازی و 124 سەنتەری چاودێری پەیوەست بە خاوەن پێداویستانی تایبەت لە عێراق بۆ پێداچوونەوە و بەئاگابوون لە ژیانیان دامەزرێنراون.