سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکان کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق خواست و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشتربردنی پەپوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، شاندێکی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە مەبەستی برەودان بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و وەبەرهێنان ، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا و بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکان کرایەوە، کە پێویستە بە شێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و متمانەپێکراو ئەنجام بدرێت.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.


