بارسێلۆنا دەیەوێت میوانداری فاینەڵی مۆندیال و چامپیۆنزلیگ بکات
بەرپرسانی بارسێلۆنای ئیسپانیا لە ئێستاوە لە هەوڵی ئەوەدان، بۆ ئەوەی لە ساڵانی 2028 و هەروەها 2030 میوانداری یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و مۆندیال بکەن.
رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن، میوانداری یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2023 بکەن، کە بڕیارە بە هاوبەشی ئیسپانیا و مەغریب و پۆرتوگاڵ بکرێت، ئەمە لە کاتێکدا دەنگۆیەکی بەهێز هەیە، ئەو یارییە واتە یاریی کۆتایی مۆندیال، لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریاڵ مەدرید بکرێت.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە لە هەمان کاتدا بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا، دەیانەوێت داواکارییەک پێشکەشی یوێفاش بکەن، بۆ ئەوەی میوانداری یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2028 بکەن..
یاریگای کامپ نۆ پێشتر لە ساڵی 1982 میوانداری یاریی دەستپێکی مۆندیالی ئەو ساڵانەیان کردووە، دوای کۆتایی هاتنی یاریگا نوێیەکەشیان، ئەو یاریگایە دەبێتە گەورەترین یاریگای جیهان و شوێنی نزیکەی 105 هەزار هاندەری تێدا دەبێتەوە.