پرۆژەی '' لە یاریکردنەوە بۆ ناوبژیوانی'' دەستپێدەکات
لە مێژوودا بە دەگمەن روویداوە کاتێک یاریزانێک واز لە یاریکردن دەهێنێت، روو لە کاری ناوبژیوانی بکات، بەڵام لە ئینگڵاند پرۆژیەک هەیە لەژێر ناونیشانی '' لە یاریکردنەوە بۆ ناوبژیوانیەتی '' و نزیکەی 120 یاریزانی پێشووش ناویان تۆمار کردووە.
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە بیرۆکەی سوود وەرگرتن لە یاریزانانی پێشووی تۆپی پێ وەک ناوبژیوان ماوەیەکی زۆرە هەیە. سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکەیە لەوە دێت کە زۆرێک پێیانوایە یاریزانانی پێشوو دەتوانن وەک ناوبژیوانێکی باشتر و کاریگەرتر مامەڵە بکەن، ئەویش بەهۆی ئەزموونی ساڵانێکیان لە یاریگادا.
کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکان (PFA) و ڕێکخراوی ناوبژیوانانی یارییە پیشەگەرەکان (PGMOL) هاوینی ئەمساڵ پرۆژەیەکی تاقیکاری بە ناوی ' لە یاریکردنەوە بۆ ناوبژیوانی' دەستپێدەکەن. تا ئێستا زیاتر لە 120 ئەندامی یەکێتی یاریزانە پیشەگەرەکان ناوی خۆیان بۆ پرۆژەکە تۆمار کردووە و ئەو ژمارەیەش لە هەفتەکانی داهاتوودا بۆ 12 کەس کەم دەکرێتەوە.
ئەنجومەنی پرێمەرلیگی ئینگڵاند دەیەوێت سوود لەو پرۆژەیە بهێنێت و وەکو دەستپێشخەری پێشوازی لەو پرۆژەیە دەکەن و ئامادەن لە خولەکانیان، کار لەسەر ئەو ناوبژیوانانە بکەن.