لاپۆرتا: بارسێلۆنا خاوەنی 48 ناسناوی چامپیۆنزلیگە
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، لە دیمانەیەکدا باس لە داهاتووی یانەکەی دەکات و بە دڵنیاییەوە دەڵێت ئەوان لە وەرزی داهاتوو بە دواوە دەگەڕێنەوە نێو کێبڕکێی بەدەستهێنانی ناسناوەکان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی یانەکەی، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە متمانەبەخۆییەوە پێشکەوتنی بەرچاوی یانەکەی لە بوارە جیاوازەکاندا ڕاگەیاند و پێشبینی داهاتوویەکی گەش بۆ بلاوگرانا دەکات.
سەرۆکی یانە کەتەلۆنیەکە لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت '' لە یانەکەمان نیشانە ئەرێنییەکان دەبینرێن. ئەنجامی کارکردنمان ئەرێنین و بەهای یاریزانە لاوەکانمان زیادی کردووە، لە هەمان کاتدا 180 ملیۆن یۆرۆ تێچووی مووچەی یاریزانەکانمان کەمکردووەتەوە. ئێمە باشترین یانەی جیهانین و 48 نازناوی چامپیۆنزلیگمان هەیە لەسەر ئاستە جیاوازەکان ''.
لاپۆرتا لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا دەڵێت '' ئێمە لە کەمترین کاتدا یانەکە پاک دەکەینەوە و نۆژەن دەکەینەوە بەبێ ئەوەی سازش لەسەر خاوەندارێتی بکەین. تا من سەرۆک بم بارسا هەمیشە پەیوەستە بە ئەندامەکانی. یانەکەمان لە دۆخێکی پشێوی ڕزگار کردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر چاکسازییەکان ''.