وادەی ناساندنی ئێمباپێ دیاریکرا
وادەی ناساندنی کلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەی ریاڵ مەدرید بە هاندەرانی ئەو یانەیە ئاشکرا دەکرێت و ئەو یاریزانە دوای یۆرۆی 2024 بە هاندەرانی یانە نوێیەکەی دەناسێندرێت.
رۆژنامەی ریلیڤۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی کلیان ئێمباپێ سەرەتای ئەم مانگە بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد، بڕیارە دوای کۆتایی هاتنی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئەو یاریزانە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەرانی یانە نوێیەکەی بناسێندرێت.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە بەرپرسانی یانە شاهانەکە، لەگەڵ بەرێوەبەری کارەکانی هێرشبەرە فەرەنسیەکەیان گەیشتونەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی دوای کۆتایی هاتنی یۆرۆ و رۆژی 26ـی مانگی داهاتوو، ئەو یاریزانە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە هاندەران بناسێندرێت.
کارگێری یانەی ریاڵ مەدرید دوو ساڵ لەمەوبەر ئامادەبوو، کلیان ئێمباپێ بە گرێبەستێکی خەیاڵی بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێکردەوە و دواجار ئەمساڵ بەبێ بەرامبەر واتە بە خۆرایی پەیوەندی بە یانەکە شاهانەکەوە کرد.