مێسی دەیەوێت بەشداریی مۆندیالی 2026 بکات

مێسی و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کاتی بەرزکردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022
مێسی و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە کاتی بەرزکردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022

هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە لیۆنێل مێسی دەیەوێت لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ ئەرجەنتین بەشداریی بکات.

مێسی لە چاوپێکەوتنێکی تۆڕی ESPN گوتی: تیاگۆی کوڕم لەبارەی مۆندیالی داهاتوو زۆر پرسیارم لێدەکات، بە تایبەتی کە ئێستا ئێمە لە ئەمەریکا دەژین و ئەو وڵاتەش میوانداریی مۆندیال دەکات.

مێسی دەڵێت: کوڕەکەم زۆر بە جۆش و خرۆشە بۆ مۆندیالی 2026 و هەموو گفتوگۆکانی لەو بارەیەوەیە و هەمیشە داوام لێدەکات بەشداریی تێدا بکەم.

لە چاوپێکەوتنەکە مێسی ئەوەشی گوت: ئەگەر ئەو کاتە تەندروستی جەستەییم باشبوو، زانیم توانام هەیە ئاستێکی باش پێشکەش بکەم و یارمەتی وڵاتەکە بدەم، پێم خۆشە بەشێك بم لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین. من بایەخ بە ریکۆردەکان نادەم و تەنیا بۆئەوەی بڵێم شەش جار بەشداریی مۆندیالم کردووە.

کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گوتیشی: ئەگەر نازناوی مۆندیالی 2022ـمان بەدەستنەهێنایە زۆر ئازارم دەچەشت، هەمیشە بیرم لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2014 دەکردەوە، کە زۆر نزیک بووین ببەینە پاڵەوان بەڵام بەداخەوە لەدەستماندا.

مێسی زیاتر قسەی کرد و گوتی: دوای لێدانی فیکەی کۆتایی مۆندیال نەمتوانی بگریم، بەڵام کاتێك ئارام بوومەوە و شەو بەتەنیا بووم، زۆر گریام.

لە کۆتایی قسەکانیدا مێسی گوتی: ساڵانێکی زۆربوو کاریگەری نەبردنەوەی مۆندیالم لەسەربوو، ئەگەر بۆ جاری دووەم لە یاریی کۆتاییدا تووشی شکست بووینایە، دەبووە شۆکێکی گەورە لە ژیانمدا و کاریگەری خراپی لەسەرم دەبوو.

لیۆنێل مێسی تەمەنی 36 ساڵە و یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمەریکییە، توانیویەتی هەشت جار خەڵاتی باڵۆندۆر بەدەستبهێنێت و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 30 ملیۆن یۆرۆیە.

 

 

 

Fly Erbil Advertisment