سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ دەکەن و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەکەنەوە.
ڕۆژی هەینی (14ـی حوزەیرانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت لە بواری ئابووری، بازرگانی و کولتووری کرایەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێزانینی بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەر و گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی هەبوو، هەروەها سوپاسی وڵاتەکەی بۆ ناردنی شاندی تایبەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی گیان لەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بە سەرۆک بارزانی گەیاند.
