ئەمڕۆ یاریی لوتکەی یۆرۆ 2024 بەڕێوەدەچێت
هەڵبژاردەی ئیسپانیا خاوەنی سێ ناسناوی یۆرۆ، لە یەکەم یاریی حەڤدەیەمین وەشانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و لە یارییەکی بەهێز و گرنگ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی کڕواتیا دەبێتەوە.
ئیسپانیا لە پاڵ ئەڵمانیای میواندار، خاوەنی زۆرترین ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپایە، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2012 نەیتوانیوە ناسناوەکە بباتەوە، ئەمجارەشیان هەموو ئامانجیان ئەوەیە، ناسناوەکە ببەنەوە و پێش ئەڵمانیای میواندار بکەونەوە.
لویس دێلافۆنتێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، ستایشی لامین یامال هێرشبەری لاوی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد و گووتی، یاماڵ خەڵاتێکە لەلایەن خوداوە پێشکەشیان کراوە.
'' سەرەتا ئێمە دەبێت ئاگاداری سەرجەم یاریزانەکانمان، بە تایبەت یاریزانە لاوەکان بین، لامین یامال یاریزانێکی لێهاتووە، ئەو خەڵاتێکە لەلایەن خوداوە پێشکەشمان کراوە، ئەو یاریزانە لاوە مێشکی تۆپی پێی هەیە و زۆر بە باشی لە یاریکردن تێدەگات ''.
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی کرواتیا بە سەرکردایەتی لوکا مۆدریچ، ئامانجیەتی پێش وازهێنانی ئەو سەرکردەیان بە یەکجاری، ناسناوێکی بۆ بکەنە دیاری و لەگەڵ جامی یۆرۆ بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
کرواتیەکان لەم ساڵانەی دواییە سەلماندویانە هەڵبژاردەیەکی کێبڕکیکارن و دەتوانن ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکەن، ئەو هەڵبژاردەیە مۆندیالی رابردوو پلەی سێیەم و خولی نەتەوەکانی ئەوروپای رابردوو پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی کڕواتیا، پێوایە پێکهاتەی ئێستای ئیسپانیا پێکهاتەیەکە تێکەڵاو لە یاریزانی بەهرەمەندی بە توانا و کە لە چەندین یانەی جیاواز بانگهێشتکراون، جیاواز لە ساڵانی رابردوو لە زۆرینەی یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە، لە ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا بوون.
'' لە رابردوو زۆربەی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئیسپانیا، لە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنا بوون، بەڵام ئێستا جیاواز لە رابردوو، کۆمەڵێک یاریزان لە یانەی جیاوازی یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکەن، هێزی ئەوان لە بەهرە و گەنجێتی یاریزانەکانیدایە، بۆیە چاوەڕێ یارییەکی قورس دەکەین ''.
کڕواتیا و ئیسپانیا سێیەم یۆرۆیە لەسەر یەک رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، ئەو دوو هەڵبژاردەیە لەوەتەی یۆرۆی 2012 بەردەوام رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە و کڕواتیەکان لە یارییەک براوە بونە و لە بەرامبەردا ئیسپانیەکان لە دوو یاریی بردنەوەیان بەدەستهێناوە.