کاری 24 کاتژمێریی بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەستیپێکرد

نۆژەنکردنەوەی بازاڕی سووتاوی قەیسەریی هەولێر
نۆژەنکردنەوەی بازاڕی سووتاوی قەیسەریی هەولێر

پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە کە بۆ بەرژەوەندیی کاسبکاران و دوکاندارانی ناو بازاڕی قەیسەریی هەولێر، کارکردنی تیمەکانی شارەوانی و سەرجەم ئەو تیمانەی کار لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی سووتاوی قەیسەریی هەولێر دەکەن، کرایە سێ شەفت، واتە کارکردنی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا دەستیپێکرد.

بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگیی قەیسەریی هەولێر، شەوی 5ـی ئایاری 2024 ئاگری  گرت، هەرچەند 227 دووکان و 7 کۆگا بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و 132 کەسیش برینداربوون، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و زیانەکان کەمتر بکەنەوە.

6ـی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێری بەسەرکردەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیشی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە.

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتیی کرد کە ڕێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیانلێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین، ڕوونیشیکردەوە کە ئەم بازاڕە ، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵ دەدەین بە ڕاوێژ و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە.

کاری نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر  کرایە سێ شەفت

پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار بازاڕی قەیسەری نۆژەن دەکرێتەوە، هەروەها لەگەڵ بانکی جیهان ڕێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی ئەو کاسبکارانەی دەیانەوێت قەرز بکەن، بەبێ سوود قەرزیان پێ بدرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، پێشتر بە کوردستان24ـی گوت: ڕەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دراوە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، هەردوو کۆمپانیا جێبەجێکاری دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەشی کۆن و تازەی بازاڕەکە کردووە، بەپێی دەرخستەی ئامادەکراو نۆژەنکردنەوەکە ماوەی ساڵێکی پێویستە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدرێت زووتر لە ساڵێک کارەکان تەواو بکرێن.