دوو حاجیی هەرێمی کوردستان لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:
دوو حاجی هەرێمی کوردستان کە بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی سعوودیەیان کردبوو، لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو حاجییانەی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە وڵاتی سعوودیەن، سەلامەتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئافرەتێکی خەڵکی شاری هەولێر بە ناوی (هەمین قادر عەلی) کە لەدایکبووی ساڵی 1971 و بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیاری بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گەشتی سعوودیەی کردبوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە کێوی عەرەفە گیانی لەدەستداوە.
هەروەها حاجی دووەم بە ناوی (ئاسیا عەلی) کە خەڵکی بەردەڕەشە لە پارێزگای دهۆک و بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتیاری بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گەشتی سعوودیەی کردبوو، لە کێوی عەرەفە کۆچی دوایی کرد.
پێشتریش کاوە شێرزادی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، خانمێکی تەمەن 80 ساڵەی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی عەزیزە ناسری، لە شاری مەککەی سعوودیە کۆچی دوایی کردووە.