دوو حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد
K24 - هەولێر:
ژمارەی ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستدا بۆ چوار حاجی بەرزبووەوە، بەپێی زانیارییەکانیش ئەو حاجییانەی کۆچی دواییان کردووە، بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە ڕێگەی کەسوکارەکانیانەوە دەستیکەوتووە: دوو حاجی دیکە بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن) دانیشتووی قەڵادزێ و (جەميله يونس برايم) دانیشتووی هەولێر، لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کردووە.
پێشتریش کوردستان24، هەواڵی کۆچی دوایی هەردوو هاووڵاتی (هەمین قادر عەلی) خەڵکی بالیسان و (ئاسیا عەلی) خەڵکی بەردەڕەشە، لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کردبوو.
لەلایەن خۆیەوە، شێخ تەها عومەر، بەڕێوەبەری حەج و عومەرەی ڕاپەرین بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، محەممەد حەسەن لەگەڵ ئەو حاجیانە سەفەری سعوودیەی کردووە کە ڤیزای یەک ساڵیان هەبووە و ئەمڕۆ لەکاتی دابەزین لە کێوی عەرەفە دووچاری جەڵتەی دڵ بووە و گیانی لەدەستداوە.
ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە لە شاری مەککە کۆچی دواییان کردووە، بە ڤیزای گەشتیاری چوونەتە وڵاتی سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و ئەمڕۆ چوونەتە کێوی عەرەفە بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین ڕوکنی حەج.
هەروەها ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو حاجییانەی لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە وڵاتی سعوودیەن، سەلامەتن.
هاوکات کاوە شێرزادی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، خانمێکی تەمەن 80 ساڵەی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی عەزیزە ناسری، لە شاری مەککەی سعوودیە کۆچی دوایی کردووە.
حاجییەکی دیکەش کە خەڵکی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانە بە ناوی (حوسێن حەمید مەحموود) لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە گیانی لەدەستدا.