'' بۆ مێسی خێزان لە پارە گرنگترە ''
لیۆنێل مێسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا کۆتایی هات، بڕیاریدا ئۆفەرە خەیاڵیەکەی یانەی هیلالی سعوودیە رەتبکاتەوە.
هەر لەو کاتەوە زۆرێک پێیانوابوو مێسی بەهۆی خێزانەکەی ئۆفەرە خەیاڵییەکەی یانەی هیلالی سعوودی کە بڕەکەی 1 ملیار یۆرۆ بووە رەتکردووەتەوە، بەڵام هیچ کاتێک ئەو دەنگۆیە پشتراست نەکرایەوە و دواجار خودی سەرۆکی یانە سعوودییەکە ئەو دەنگۆیانەی پشت راستکردەوە.
ئەنمار حەیلی سەرۆکی یانەی هیلالی سعوودی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی MBC گووتی '' دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان پەیوەندیمان بە لیۆنێل مێسی کرد. یەک ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆمان پێشکەشی کرد. بەڵام ئەم یاریزانە بەهۆی خواستی خێزانەکەی بۆ ژیان لە ئەمریکا ئۆفەرەکەی ئێمەی رەتکردەوە ''.
سەرۆکی یانە سعوودییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' تووشی سەرسورمان بووین کاتێک بیستمان کە یاریزانێک لەسەر خواستی خێزانەکەی، ئەم ئۆفەرە خەیاڵییە رەتدەکاتەوە، ئێمە پێمانوابوو رازی کردنی خێزانەکەی کارێکی ئەوەندە قورس نیە، بەڵام مێسی سوور بوو لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک ئامادەنیە پەیوەندی بە یانەکەمانەوە بکات ''.
مێسی دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان و رەتکردنەوەی ئۆفەری یانەی هیلالی سعوودی، بڕیاریدا بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ پەیوەندی بە یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکات بکات، بۆ هەر ساڵێکیش نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.