ئێمباپێ: سیاسەت لە وەرزش گرنگترە
کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر نەمسا، لە یۆرۆی 2024 داوای لە هاونیشتیمانییەکانی کرد، ئاگاداری دۆخی وڵاتەکەیان بن و لەم کاتەدا سیاسەت لە وەرزش گرنگترە.
گۆڵکارەکەی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەڵێت '' ئێمە لە ساتێکی گرینگ و مێژوویی وڵاتەکەمانداین. یۆرۆ 2024 بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام ئێمە هاوڵاتی فەرەنسیین و ناتوانین بێباک بین لە ڕووداوەکان. بۆیە پێموایە لەم کاتە سیاسەت لە وەرزش گرنگترە. ئێمە لە دۆخێکی بێ وێنە و ساتێکی چارەنووسسازداین بۆ وڵاتەکەمان. ئێمە نەوەیەکین کە دەتوانین مێژوو تۆمار بکەین، دەزانین ڕاستڕەوەکان نزیکن لە بەدەستهێنانی دەسەڵات. بۆیە دەبێت ئاگاداری دۆخەکە بین. داوا لە هەموو گەنجان دەکەم بە دەنگی خۆیان درک بە دۆخی ئێستا بکەن، هیوادارم دەنگم تا دەتوانم کاریگەر بێت. لە دۆخێکی وادا سیاسەت گرنگترین بابەتە ''.
ئێمباپێ لەبارەی بەشداری کردنی لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی 2024ـی وڵاتەکەشی گووتی '' هەڵوێستی یانەکەم زۆر ڕوونە و هەموو شتێکیان یەکلایی کردووەتەوە، من بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیاد ناکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەخوازم و هیوادارم مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنن ''.
کیلیان ئێمباپێ سەرەتای ئەم مانگە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، بڕیاریدا یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا بکات، ئەو یانەیەش بڕیاریداوە رێگە بە هیچ یاریزانێکی یانەکەی نەدات، بەشداری یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـی فەرەنسا بکەن.