ژیار جەلال: لە هەولێر 25 شوێن دیاری کراوە بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر زیاتر لە 25 شوێنمان دیاری کردووە بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی.
دووشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2024، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی شارەوانیی هەولێر وەکو نەریتێکی ساڵانە، بۆ پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر، زیاتر لە 25 شوێنمان دیاری کردووە بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ڕێگەی مێدیا و سۆشیال مێدیاکانەوە ڕێنمایی تەواومان دابوو بە هاوڵاتییان، کە قوربانیی تەنیا لە ڕێگەی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێرەوە دەبێت. بەڵام وەکو نەریتێکی ئاینیی کە باوە لەناو خەڵکی، خەڵکێکی زۆر بڕوای وایە کە دەبێت قوربانییەکە لە ماڵەکەی خۆیدا بێت و خوێنەکەی لەوێ بڕژێت، بۆیە پاشماوەی ئاژەڵیان سیمایەکی ناشرین دەبەخشێت ئەگەر بەهەڕەمەکی سەرببڕدرێت".
دەشڵێت: "ئێمە 25 شوێنمان دیاری کردووە کە دابەشکراوەتە سەر هەر شەش زۆنەکەی سنووری شارەوانی هەولێر، تاکوو هاووڵاتییان، بەلانی کەم ئەگەر پابەند نەبوو بەو ڕێنماییانەی کە قوربانییەکە لەناو کوشتارگەی هاوچەرخ بکات، پاشماوەی ئاژەڵەکە بۆ یەکێک لەو سەبەتەی خۆڵانە کە دیاری کراوە فڕێ بدات".
ژیار جەلال ئەوەشی خستە ڕوو، "بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان پابەند بوون بە ڕێماییەکان، بەوەی کە پاشماوەی ئاژەڵەکان لە شوێنە دیاری کراوەکان فڕێ بدرێت".
ڕاشیگەیاند، "لە ڕێگەی پێگەکانی تەواوی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و پاریزگا و پەیجی بەڕێوەبەرایەتی و بابەتی بە سپۆنسەرکردن، تاکو بگات بە زۆرترین هاووڵاتیی و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی 13 ژمارەی تەلەفوون تاکو ئەگەر هاووڵاتییان پرسیارییان هەبوو لەبارەی شوێنەکانی فڕێ دان و هەموو ئەو شوێنانەی کە سەبەتەی خۆڵ دانراوە لەزگەی تایبەت بەخۆی لێ دراوە و لەسەری نووسراوە ئەم شوێنە دیاری کراوە تایبەتە بە فڕێ دانی پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی".