سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە: لە نزیکترین کاتدا پێویستیی سێ لیوای پێشمەرگە دابین دەکرێت
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەردانیکردنی سێ لیوای پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، بەشێک لە پێداویستیەکانی ئەو سێ لیوایە لەماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەکەن.
فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بارەگا و سەنگەرەکانی لیواکانی(2،6،11)ـی پیادە و فەوجێکی لیوای 23ـی پیادەی کرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێسمەرگە، لەم بەسەرکردنەوەیەدا سەرۆکی ئەرکان سەنگەر و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەیان بەسەرکردەوە و لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەکان، گفتوگۆیان دەربارەی پێداویستیە ئیدارییەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئەرک و پەرپرسیاریەتی لیواکان کرد، هاوکات بەڵێن درا کار لەسەر تەواوی ئەو پێداویستیانە بکرێت بۆ باشتر بەڕێوەچونی کارەکانی هێزی پێشمەرگە.
هەر بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دوای بینینی بارودۆخی لیواکان، لە پێداویستی و داخوازیی لیواکانی کۆڵیەوە، بەڵێنیدا بەشێک لەپێداویستیەکانی هەرسێ لیواکە لەماوەیەکی نزیکدا دەستەبەر بکات.