هەرێمی کوردستان خۆی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا ئامادەکردووە

ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان
ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو پلانەی دایڕشتووە، توانیوویەتی سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا ببێتەوە.

ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ـی ڕایگەیاند، ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان 20٪ ەو کار بۆ زیادکردنی ئەو ڕێژە سەوزاییە دەکرێت.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و بە بیابان بوونیش گوتی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا  و پشت بە وزەی خاوێن ناوە، ئاماژەی بەوەشکرد کابینەی نۆیەم جددی بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و  پشت بەستن بە گلدانەوەی ئاو و کشتوکاڵی نوێ، لە داهاتووشدا ئەو ڕێژە سەوزاییە زیاد دەکرێت، گوتیشی، ئەو پلانە دەکرێت لە کەرتی گەشتیاریشدا سوودی لێ وەربگیرێت.

ئازاد نوری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەریی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لە پرسی پشت بەستن بە وزەی نوێ،  حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری ڕژدی لەسەر کردووە و هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای داوە.

ئازاد نوری ئاشکرای دەکات، رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان سەدا 20 ەو بە پێویستی زانی ئەو ڕێژەیە بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرگەی ئەو خۆڵبارینە بگیرێت کە پێشبینی دەکرێت دوای نزیکەی بیست ساڵی دیکە، لە ساڵێکدا 300 ڕۆژ خۆڵبارین ڕووبدات، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانەکانی بۆ ڕووبوونەوەی ئالنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، سەرکەوتوو بووە، گوتی، ئەو پلانە کاریگەریی لەسەر هاتنی گەشتیاری زیاتر دەکات بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە پێوستی زیاترمان بە دروستکردنی پۆند و کۆگاکردنی ئاوی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوو سوود لەو ئاوە وەربگرین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە عێراق دروستبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.