پوتین سەردانی کۆریای باکوور و ڤییەتنام دەکات

کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرملن) بڵاوی کردووتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2024، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکیی ڕووسیا بە سەردانێکی دوو ڕۆژ دەچێتە کۆریای باکوور و دواتریش بە سەردانێکی دوو ڕۆژە دەچێتە ڤییەتنام.
کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ لەسەر بانگهێشتی کیم جۆن ئون ڕێبەری باڵای کۆریای باکوورە و بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.
هەروەها ڕۆژنامەی ڤیدۆمۆستی ڕووسی لە چاپی دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو بەبێ ئاماژەدان بە کات و ڕۆژ، هەواڵی سەردانەکەی سەرۆکی ڕووسیای بۆ کۆریای باکوور بڵاو کردبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی حکوومەتی ڤییەتنام بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڤلادیمێر پوتین، بڕیار وایە لە ڕۆژانی 19 و 20ی حوزەیرانی 2024 سەردانی هانۆی پایتەختی ڤییەتنام بکات.
سەردانەکەی پوتین بۆ پیونگ یانگ لەکاتێکدایە، کیم جۆن ئون ڕێبەری باڵای کۆریای باکوور لە ئەیلوولی 2023، بە شەمەندەفەرە تایبەتەکەی سەردانی رووسیای کرد و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین کۆبووەوە دواتر سەردانی ناوەندی بۆشاییگەڕی فۆستۆشنی کۆزمورڕۆمی کرد.
هەر لە بارەی سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور، حکوومەتی کۆریای باشوور نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ داوە.
لەم بارەشەوە کیم هونگ کیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کێرت کامبڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، دوور نییە لەو سەردانەدا پوتین و کیم جون ئونگ بە ئیمزاکردنی چەند ڕێککەوتنێکی سەربازی، پێشێلیی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن.
هەروەها کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی لە بارەی سەردانەکەی پوتین بۆ پیۆنگ یانگ دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی کاریگەریی خراپی لەسەر خەڵکی ئۆکرانیا و دۆخی جەنگ دەبێت.