واشنتن: لە هێرشێکی حوسییەکاندا کەشتیوانێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بەسەختی بریندار بوو

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، حوسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری گەورە، لە ئەنجامدا کەشتیوانێکی فلیپینی  کوژرا.

جۆن کیربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو کەشتیوانە فلیپینییەی کە کوژراوە لەناو کەشتیی "MV Tutor" بووە، کە خاوەنەکەی کۆمپانیایەکی یۆنانییە و ئاڵای لیبریای لەسەر بووە.

کیربی گوتیشی: لە هێرشێكی دیکەی جیادا حوسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتیی"MV Verbena"ـی سریلانکا کە ئاڵای دوورگەی "پالاو" هەڵکردووە و خاوەنەکەی کۆمپانیایەکی ئۆکراینییە و لەلایەن کۆمپانیایەکی پۆڵەندییەوە بەڕێوەدەبرێت، کەشتیوانەکەی بە سەختی بریندار بووە.

کیربی باسی لەوەش کرد، "ئەمە تیرۆرێکی ڕوونە، بە سادەیی هیچ وشەیەکی دیکە نییە بۆ وەسفکردنی. بانگەشەی حوسییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی غەززە بێ بنەمایە."

لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، سێ کەس و شەش قەوارەی بەشدار لە کڕینی چەکی حوسییەکان سزا داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، "ئەو لایەنە سزادراوانە توانیوویانە وا بکەن حوسییەکان داهات بەدەست بهێنن و کۆمەڵێک کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی پێشکەوتوویان دەست بکەوێت کە بۆ هێرشە تیرۆریستییە بەردەوامەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاری دەهێنن".