مۆنتێلا: لە توركیا زۆر شت گۆڕدراوە
هەڵبژاردەی تورکیا دوایين ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاری لە یۆرۆی 2024 ئەنجام دا، تورکیا لە کەمپی تایبەتی خۆی لە بارسینگهاوسن مەشق و راهێنانی كرد بەر لەوەی لە یەکەم یاریياندا رووبەرووی جۆرجیا ببنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە یەكەمین یارییاندا لە قۆناغی كۆمەڵەكانی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی توركیا و جۆرجیا لە كاتژمێر 07:00ـی ئێوارە بە كاتی هەولێر رووبەڕووی یەكتر دەبنەووە، ئەمجارەیان زۆرترین چاوی میدیاکانی ئەوروپا و تەنانەی هاندەرانیش لەسەر ئاردا گولەری لاو دەبێت، ئەم یاریزانەی ریال مەدرید یەکەمجارە بەشداریی لە یارییەکانی یۆرۆ دەکات، وەکو یاریزانی سەرەکی پشتی پێدەبەسترێت.
هەڵبژاردەی تورکیا لەژێر سەرپەرشتی ڤینیسنزۆ مۆنتێلای ئیتاڵیا دەیەوێت بە بردنەوە دەست بە یاری بکات، راهێنەری تورکەکان دەڵێت: ئەمساڵ ساڵی ئێمە دەبێت و زۆر شت دەگۆرین.
لەمبارەیەوە مۆنتێلا رایگەیاند تادێت هێز و توانای یاریزانەكانی باشتر دەبێت، دەشڵێت: زۆر شت گۆڕاوە، یاریزانەكانم بەرەو پێش چوون، رەنگە ئەمساڵ ساڵی ئێمە بێت، لە یارییە دۆستانەكەمان دا ئێمە توانیمان لە ئەڵمانیا ببەینەوە كە 72 ساڵە ئەمە رووینەداوە، لە یارییەكانی پاڵاوتن لە کرواتیامان بردەوە كە ئەمەش یەكەمجار بوو كرواتیا لەنێو خاکی خۆی بە تورکیا بدۆڕێت، ئێمە ئەوەمان کرد، کەواتە ئەم ساڵە شتەکان بۆ یەکەمجار روودەدەن.
مۆنتێلا دڵخۆشی خۆی بە هەبوونی ئاردا گولەر دەربڕی، لەمبارەیەوە گوتی: ئاردا گولەر بە سەرەتاییەکی خراپ بەهۆی پێکانەوە دەستی پێکرد، بەڵام لەگەڵ پزیشکان و یاریدەدەرەکانم گفتوگۆمان کردووە ئێستا ئەو لە باشترین دۆخیەتی، لە رووی دەروونیەوە سەقامگیرە و لەم دواییانە یاری لەگەڵ ریال مەدرید کردووە و بەهرەی خۆی نیشاندا، هیوادارام بتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا بەهەمان شێوە ئاستێکی باش پێشکەش بکات.
تورکیا لە دوایین یۆرۆ ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد و لە کۆی سێ یاری هیچ خاڵێکی بەدەستنەهێنا و هەر سێ یارییەکەی دۆراند و تەنیا یەک گۆڵی تۆمار کرد، ئەمجارە لە پاڵآوتنەکانی یۆرۆ جیاوازتر دەرکەوت و توانی وەک یەکەمی کۆمەڵەکەی بلیتی گەیشتن بە یۆرۆ بەدەست بێنێت.