كێشه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان ئه‌مەریكا و مه‌كسیك سەرهەڵدەدات

K24 – هەولێر:
له‌نێوان ئه‌مەریكا و مه‌كسیك كێشه‌ی ئاو ناكۆكیی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته زیاتر کردووە، هه‌ردوولایان یه‌كدی به بڕی ئه‌و ئاوه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه ده‌بێت ساڵانه له رێگه‌ی دوو ڕووبار به‌ریبده‌نه‌وه.
ئه‌مەریكا و مه‌كسیك له ساڵی 1944ـەوە رێككه‌وتنێكیان هه‌یه. به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه له‌ماوه‌ی هه‌ر پێنج ساڵێك ده‌بێت مه‌كسیك بڕی 1.75ملیۆن ئهیكر-پێ كه ده‌كاته 2.16 ملیار كیلۆمه‌تر سێجا ئاو له رێگه‌ی رووباری ریۆ گراندێ بۆ ئه‌مەریكا بنێرێت. هاوكات ئه‌مەریكاش له‌سه‌رییه‌تی ساڵانه بڕی 1.5 ملیۆن ئهیكر-پێ له ڕێگه‌ی ڕووباری كۆلۆرادۆ بۆ مه‌كسیك به‌ربداته‌وه. یه‌ك ئهیكر-پێ پێوانه‌یه‌كه كه ده‌توانێت یه‌ك ئهیكر له زه‌وی به قووڵی یه‌ك پێ به‌راو بكات.
به‌گشتیی ئه‌و بڕه ئاوه‌ی كه ده‌بێت له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پێ بكرێت بریتییه له 490 ملیار گاڵۆن له ئه‌مەریكاوه بۆ نێو خاكی مه‌كسیك له هه‌ر ساڵێكدا، بڕی 570 ملیار گاڵۆن له مه‌كسیكه‌وه بۆ نێو ئه‌مەریكا له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه 80 ساڵییه ماوه‌یه‌كه به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌ردوو ڕووباره‌كه و وشكه‌ساڵی و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ناكرێت. ئه‌مه جووتیاره مه‌كسیكی و ئهمەریكییهكانی ته‌نگه‌تاو كردووه. ئه‌م بابه‌ته بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی هه‌ردوو وڵات، كێشه‌یه‌ك كه شاره‌زایان پێیان وایه هیچ كامیان تێیدا سه‌ركه‌توو نابن. به‌رپرسان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێن:ناتوانن ئه‌وه شته ببه‌خشن كه خۆیان نییانه.
ماریا ئێلینا، كۆمیشنهری ئه‌مەریكا بۆ ئاو و سنووری نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت: "مه‌كسیك پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ ناكات، هەروەها مه‌كسیك ته‌نیا بایی ساڵێك ئاوی بۆ ئه‌مەریكا به‌رداوه‌ته‌وه".
ئه‌و ئاوه‌ی له مه‌كسیكه‌وه ده‌چێته ئه‌مەریكا به‌ر له‌وه‌ی بڕژێته نێو خاكی ئه‌ەمریكا، مه‌كسیك له رێگه‌ی به‌نداوه‌كانی فاڵكۆن و ئهمیستدات گڵیدهداتهوه و بۆ دابینكردنی ئاوی ماڵان و كشتوكاڵ سوودی لێ وه‌رده‌گرێت. به‌گوێره‌ی گوتەی حكوومه‌تی مه‌كسیك ئاستی ئاوی به‌نداوی ئهمیستداد له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه ته‌نیا 26%ی كۆی ئه‌و ئاوه‌ی تێدایه كه به‌نداوه‌كه ده‌توانێت گڵی بداته‌وه، هاوكات به‌نداوی فاڵكۆن 9.9%ی ئاوی تێدا.
ڕووباری ڕیۆ گراندێ كه مه‌كسیكییه‌كان پێی ده‌ڵێن ڕیۆ بڕاڤۆ یه‌كێك له درێژترین ڕووباره‌كانی ئه‌مەریكای باكوور و 1900 مایل درێژه. به‌نێو پێنج ویلایه‌تی مه‌كسیك و سێ ویلایه‌تی ئه‌مەریكادا ده‌ڕوات. له زۆربه‌ی شوێنه‌كان به‌نێو دۆڵه سه‌خت و زنجیره شاخه‌كاندا ده‌كشێت. كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ئه‌و رووباره بووه‌ته كێشه‌یه‌كی گه‌وره بۆ جووتیارانی ته‌كساسی ئهمرریكا كه پشت به‌و ئاوه ده‌به‌ستن بۆ ئاودێریكردنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان و به‌و ئاوه په‌مۆ، گه‌نمه‌شامی، سۆی بین و هه‌رزن ده‌ڕوێنن.
به‌رپرسانی ژماره‌یه‌ك ویلایه‌تی ئه‌مەریكا له‌نێویاندا ته‌كساس داوا له ئیداره‌ی جۆ بایدن ده‌كه‌ن هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ مه‌كسیك ڕابگرێت و سزای بدات تاوه‌كو پابه‌ند ده‌بێت به به‌ردانه‌وه‌ی ئاو. دێ لا كرووز، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مەریكا كه سه‌ر بهكۆمارییهكانه و نوێنه‌رایه‌تیی ویلایه‌تی ته‌كساس ده‌كات ده‌ڵێت: "كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو كه‌رتی كشتوكاڵی ته‌كساسی خستووه‌ته ژێر هه‌ڕه‌شه". كرووز داوا له ئیداره‌ی واشنتن ده‌كات مه‌كسیك ناچار به جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كانی بكات.
دێ لا كرووز پشتگیری هه‌ردوو سێناتۆر تێد كرووز و كۆرنین-ی هه‌یه كه هه‌ردووكیان نوێنه‌رایه‌تیی ویلایه‌تی ته‌كساس ده‌كه‌ن. ئه‌و سێ ئه‌ندامه‌ی كۆنگرێس له بودجه‌ی ساڵی 2025 داوا ده‌كه‌ن هه‌رچی هاوكارییه بۆ مه‌كسیك ڕابگیرێت تاوه‌كو ڕازی ده‌بێت به به‌ردانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه ئاوه‌ی له ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ساڵی 1944 ئاماژه‌ی پێ دراوه.
كێشه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو له باشووری ئه‌مەریكا و باكووری مه‌كسیك زیانی زۆری بۆ خه‌ڵك هه‌یه. له ساڵی 2011ەوه مه‌كسیك به‌ده‌ست كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئاو ده‌ناڵێنێت. حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌ڵێت؛ 90%ی وڵات رووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئاو بووه‌ته‌وه. به‌ڵام له باكووری وڵاته‌كه قه‌یرانه‌كه گه‌وره‌تره، ئاستی ئاوی به‌نداوه‌كان و ئاوی ژێرزه‌وی زۆر داكشاوه. به‌گوێره‌ی زانكۆی نیشتمانیی مه‌كسیك ته‌واوی ویلایه‌تی چینهواهوا له مانگی شووباتی ئه‌م ساڵه‌وه به‌ده‌ست وشكه‌ساڵییه‌وه ده‌ناڵێنێت. به‌شێوه‌یه‌ك له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی رابردوودا دڵۆپێك باران له‌و ناوچه‌یه نه‌باریوه.
له ساڵی 2020 كاتێك مه‌كسیك ئاوی یه‌كێك له به‌نداوه‌كانی به‌ردایه‌وه بۆئه‌وه‌ی پابه‌ندییه‌كانی به‌رانبه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكا جێبه‌جێبكات، جووتیاره مه‌كسیكییه‌كان خۆپێشاندانیان ئه‌نجامدا و دژی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان وه‌ستانه‌وه، به‌هۆیه‌وه گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوان جووتیاران و هێزه ئه‌منییه‌كان دروست بوو.
به‌گوێره‌ی نوێترین شیكاری كه له ڕێگه‌ی مانگه ده‌ستكرده‌كانی ناسا كاری له‌سه‌ر كراوه، له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا كه‌مترین بڕی به‌فر له باشووری رۆژئاوای ئه‌مەریكا باریوه، ئه‌و بڕه باران و به‌فره‌ش كه باریوه نه‌یتوانیوه بڕی ئاوی پێویست بۆ مۆژی گه‌وره‌ی نێوان ویلایه‌ته‌كانی نێڤادا، كالیفۆرنیا، ئه‌ریزۆنا و یووتا دابین بكات، به‌ڵكو ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له‌و ماوه‌یه‌دا به بڕی 68.7 ملیۆمهتر سێجا دابه‌زیوه. ئه‌و بڕه ئاوه‌ش ده‌كاته دوو له‌سه‌ر سێی ویلایه‌تی كالیفۆرنیا به‌كاری ده‌هێنێت له ساڵێكدا. مانگه ده‌ستكرده‌كانی ناسا پێشانی ده‌ده‌ن كه ساڵانه ئاستی ئاوی ناوچه‌كه داده‌به‌زێت. كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕی بارینی به‌فر و باران له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی ئاو به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی. ده‌سته‌ی ئاماری ئه‌مەریكا ده‌ڵێت: به‌كارهێنانی ئاوی مۆژی گه‌وره له‌ماوه‌ی 2010ەوه تاوه‌كوو ئێستا به بڕی 6% تاوه‌كوو 18% زیادی كردووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووانی ناوچهكهیە.