لە مۆسکۆ پانێڵێک لەبارەی پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس بەڕێوەچوو

پانێڵێک لەبارەی پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس لە مۆسکۆ
پانێڵێک لەبارەی پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس لە مۆسکۆ

رۆژی سێشەممە 18-ی  حوزەیرانی 2024، لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، بەبۆنەی 77 هەمین ساڵیادی پەڕینەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی لە ڕووباری ئاراس، پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی و سەنتەری بارزانی، لە هۆڵی پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی پانێڵێکیان بەڕێوەبرد.

لە گفتوگۆکانی پانێڵەکەدا بەشێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی، پسپۆڕ و شارەزایانی ڕووس و کورد، باسیان لە رێڕەوە مێژووییەکەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵانی بۆ یەکێتی سۆڤیییەت کرد.

سەرەتا کیریل ڤێرتیایێڤ، سەرۆکی بەشی کوردناسی لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی ئاماژەی بە چەندین سەرچاوەی گرنگی زانستی هەنووکەیی و مێژوویی کرد، گرنگییەتی ڕۆڵی کورد و بارزانی خستەروو، ناوبراو باسی بیرەوەرییەکانی گەورە بەرپرسی هەواڵگری سۆڤێیەتی جاران سودەپلاتوڤی کرد  کە چۆن وەکو نوێنەری دەسەڵاتی ڕووسیا بۆ چەندین جار بارزانی نەمری بینیوە و گوێی لە خواستەکانی گرتووە. ڤێرتیاێییڤ باسی لەو بەرپرسە هەواڵگرییە کرد کە لەمێژوی یەکێتی سوڤییەتدا بە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری  سۆڤێیەت ناسێندراوە، کە گوتویەتی تا کۆتایی ساڵی پەنجاکان تاکە هاوپەیمانی ڕووسییا کورد بوون و لەو کاتەشدا کەسایەتی و سەرکردەی هەرە ناسراو بارزانی نەمر بووە.

پاشان دکتۆر ڤەدیم مەکەرێنکە، لێکۆڵەر و کوردناسی ڕووس گوتی: رێکخستنی ئەم پانێڵە، نیشانەی گرنگیدانمانە بە خەباتی مەلا مستەفا بارزانی .

دکتۆر ڤەدیم مەکەرێنکە دەشڵێت، هاتنی مستەفا بارزانی لەگەڵ هاوەڵانی بۆ ناو خاکی یەکێتی سۆڤێتی جاران، ساتێکی گرنگ بوو، چونکە لەم کاتەوە پەیوەندییەکی مێژوویی دروست بوو، لە سەر خاکی سۆڤێت هێزێکی کاریگەری کوردی هەبوو، بۆیە بەردەوام بیریان لەوە دەکردەوە چۆن کەڵکیان لێوەربگرن و چۆن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان بدەن، ئەگەر ئەو پەیوەندییە نەهاتایەتە ئاراوە ڕەنگە هەندێک پرس و بابەت سەریان هەڵنەدایە، چونکە سەرۆکایەتی سۆڤێت هەڵسەنگاندنی بۆ بەکارهێنانی هێزەکەی مستەفا بارزانی کرد لە ساڵانی 1951 و 1953 دا، ساڵی 1958 کاتێک لە ئێراق شۆڕش ڕوویدا، یەکێتی سۆڤێت پشتیوانی لە کوردەکان کرد، هاوکات پشتیوانی لە هێزی بەرەی شۆڕش و عەبدولکەریم قاسم کرد، لەم هاوکێشەیەدا مستەفا بارزانی سەرکردەیەکی گرنگ بوو، بەبێ ئەو زۆرێک لەو ڕووداوانە روویان نەدەدا، ئەوەش دەرفەت بوو هاوکات ڕێخۆشکەر بوو بۆ ڕەوشی کوردستانی ئێراق، هەتا ساڵانی 1975 یەکێتی سۆڤێت هەوڵیدەدا هاوکاری بۆ پارتی دیموکرات و مستەفا بارزانی درێژە پێبدات بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی دەهاتنە پێش، لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی لە سەر ئاستی ئێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دواتر بەشێوەیەکی بابەتی و زانستیانە، ڕۆڵ و پێگەی مەلا مستەفا بارزانی، لە بە نێودەوڵەتیکردنی پرسی کورد و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و گەلی کورد سەرنجی وردیان لەبارەیەوە خرایەڕوو.

دکتۆر خۆشەوی مەلا ئیبراهیم، سەرۆکی سەنتەری بارزانی لە رڕووسیا گووتی، رۆژی 17-ی حوزەیرانی 1947 بارزانی و تەواوی هەڤاڵانی لە ڕووباری ئاراس پەڕینەوە و گەیشتنە ناو خاکی سۆڤێییەت، دکتۆر خۆشەوی ئەوەشی خستەروو، کە کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەم رۆژە، بە رۆژی دۆستایەتی کورد و رووسیا بناسێندرێت.

دکتۆر خۆشەوی لە پانێڵەکەدا زانیاری زیاتری پێشکەش کرد و گوتی: بە هاتنی بارزانیەکان بۆ ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات، توانرا ئەو بزووتنەوەیە و  کۆماری کوردستان، ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانی دژی هیتلەری، هەردوو کۆماری کوردستان لە مەهاباد و ئازەربایجان توانیان کە ئێران بە گشتی بکەنە بەشێک لەو هاوپەیمانییە دژ بە هیتلەر، هەروەها کورد بەشدارییەکی گرنگییان لە دابین کردنی ئەمنیەت و گەیاندنی یارمەتی و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە کەنداوەوە بۆ یەکێتی سۆڤییەت کە بە ناوی لەند لیز ناو دەربردرا ئەنجام بدەن، هەروەها بارزانی و هەڤاڵانی بە دژی تورکیا، ئێران و عێراق بەرگرییان لە خۆیان دەکرد و کێشەی کوردی لە ئەنجامدا ئەو چاڵاکییانە بوون بە ئاستێکی نێو دەوڵەتی،  و تەنانەت وەزیری دەرەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە ڕێکخراوی یو ئێن باسی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کوردی لە کۆبوونەوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد و چارەسەری کێشەی کوردی بە مافی ڕەوای گەلی کوردی ناساند.

سەرۆکی سەنتەری بارزانی گوتیشی، لە یەکێتی سۆڤییەت و هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان چاوەرێی گەڕانەوەی بارزانییان دەکرد، بۆیە بارزانی نەمر و هەڤاڵانیان خەویان لە چاوی دوژمنان زڕاندبوو، چونکە دووژمنان نەیان دەزانی کەی لە چ شوێنێک بارزانی دەردەکەوێت، بارزانی ببووە هیوایەک بۆ هەموو کوردەکان تەنانەت کوردانی یەکێتی سۆڤییەتیش، بۆ نموونە لە ساڵانی دەسەلاتی محەمەد موسەدقدا بریار بوو کە بارزانی و هەڤاڵانی بۆ یارمەتی کورد بگەرێنەوە ئێران، بۆیە دوژمنان زۆر بە ترس و حەزەرەوە چاودێری هەموو جوڵەیەکی بارزانییان دەکرد.

دواتر ستانیسلاڤ میخایلەڤ، شارەزای کارووباری کوردستان باسی لە پێگە و رۆڵی بارزانی نەمر کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ستانیسلاڤ گووتیشی: ئەوەی کورد بەدەستی هێناوە و لە داهاتووش بەدەستی دەهێنێت هەموو شوێن پەنجەی مەلا مستەفا بارزانی بەسەرەوە، چونکە ئەو بەردی بناغەی داناوە.

دواتر رۆمانوس و مامۆستای زانکۆ بابێ نازێ گووتی :باڤێ نازێ روما ننوسی بەناوبانگی کوردیش بە کورتی باسی ڕۆڵی هەرە گرنگی بارزانی کرد و گووتی، بارزانی نەمر بووکوردی لە کۆیلایەتی و ژێر دەستی رزگار کرد  و متمانەی بڕوا بە خۆبوونی بۆ تاکی کورد گەراندەوە.

 رێکخستنی ئەم پانێڵە بۆ باسکردن لە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس، دەرخەری ئەو ڕاستییە، کە ناوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانی رووسیا، رۆڵ و پێگەی مەلا مستەفا بارزانی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بەرز دەنرخێنن.