سوپای ئیسرائیل  بڕیاری فراوانکردنی بەرەی شەڕی دا

سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشکردنە سەر حزبوڵڵای لوبنانی پەسەند کرد

سوپای ئیسرائیل (وێنە: AP)
سوپای ئیسرائیل (وێنە: AP)

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی، گەورە فەرماندەکانی سوپا پلانی شەڕیان دژی لوبنان و بە دیاریکراوی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەند کردووە.

ڕادیۆکە بڵاویکردووتەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاسایشی سنوور و ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، گەورە فەرماندەکانی سوپا پلان و هەنگاوی فراوان کردنی بەرەی شەڕ و هێرشی زەمینیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە دژی چەکدارانی حزبوڵڵا پەسەندکردووە.

یسرائیل گاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بەڵێنیداوە لە ئەگەر هێرشی چەکدارانی حزبوڵڵا بۆ سەر سنوورەکان و خاکی ئیسرائیل، ئەوە بەتەواوی ئەو ڕێکخراوە لە ناودەبەن.

هەر لە بارەی فراوانکردنی بەرەی شەڕ و هێرشکردنە سەر حزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، گۆڤاری فۆرین پۆلیسی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، لە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا ئەوە دۆخی شەڕ و پێشڕەوییەکان بە هەمانشێوەی کەرتی غەززە و چەکدارانی حەماس ئاسان نابێت، چونکە حزبوڵڵا زۆر لە حەماس بەهێزترە.

ئاماژەیداوە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی چاودێرییەکان و لێکۆڵینەوە سترایجییە نێودەوڵەتییەکان، حزبوڵڵای لوبنان بە یەکێک لە بەهێزترین ڕێکخراوی نا یاسایی چەکدارایی جیهان دادەنرێت، بەو پێیە بە هاوکاریی و پشتیوانی ئێران و ڕووسیا توانیویەتی چەکی پێشکەوتووی دروست بکات.

هەروەها ناوەندەکە مەزەندە دەکات لەم دۆخەدا، حزبوڵڵا خاوەنی نزیکەی 130 هەزار مووشەک بێت و توانای تێکشکاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر گەورەترین شارەکانی ئیسرائیل هەیە و دەتوانێت لە سێ ڕۆژدا ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک، پاڵاوگە نەوتییەکان، بنکە ئاسمانییەکان و وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا وێران بکات.

هەر لە ڕاپۆرتەکەی فۆرین پۆلیسی هاتووە، خاڵێکی دیکەی بەهێزی حزبوڵڵا لە شەڕی شار و کۆڵان بەکۆڵان، شەڕی تونێلەکانە، بەگوێرەی شیکەرەوە ئیسرائیلییەکان، حزبوڵڵاش وەک حەماس، تۆڕێکی فراوانی تونێلی لە ژێر لوبنان هەڵکەندووە.

هەروەها بەبڕوای چاودێرانی سەربازیی و سیاسی لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئەوە مەیدانی شەڕ جۆرێکی دیکە دەبێت، چونکە پێچەوانەی غەززە کە بە هەموو شێوەیەک لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئێران دابڕاوە، بەڵام تاران لە ڕێگەی عێراق و سووریاوە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانی بۆ لوبنان دامەزراندووە، کە دەکرێت لە حاڵەتی شەڕ و تەنگەتاویدا پشتی پێ ببەسترێت.

خاڵیکی دیکەی قورس بوونی شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا، بوونی ئەزموونی شەڕی چەکدارانی حزبوڵڵایە لە سووریا و لە 2006 ـەوە بەبۆنەی پشتیوانیکردنی سوپای سووریا و ڕژێمی ئەسەد، بە خێرایی چەکەکانیان پەرەپێداوە.

هەروەها دامەزراندنی بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵا لە نێوان ماڵان و ناوچە سڤیل نشینەکان خاڵێکی دیکەی قورس بوونی شەڕی سوپای ئیسرائیلە لە دژی حزبوڵڵا، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل بە وردی بیر بکاتەوە بەر لەوەی هێرش بکاتە سەر دامەزراوەکانی حزبوڵڵا، بۆ ئەوەی لە ناڕەزایی و ڕەخنەی نێودەوڵەتی خۆی بپارێزێت.

لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، پاش هێرشە چەکدارییەکەی چەکدارانی حەماس و ڕفاندنی زیاتر لە 200 بارمتەی ئیسرائیلی، ئاڵۆزییەکانی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەکە سنوورییەکان زیاتر تەشەنەی کرد، بەهۆیەوە سەدان کەس کوژران و دەیان گوند و ئاوایی ناوچە سنوورییەکان چۆڵکراون.

هەروەها هێزی ئاسمانی هێرشەکانی بۆ لە ناوبردنی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵا لە ناو خاکی لوبنان چڕترکردەوە.