لێبوردنی نێودەوڵەتی: میسر بەزۆرەملێ پەنابەرانی سوودانی دیپۆڕت دەکاتەوە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، میسری تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە بەکۆمەڵ پەنابەرانی سوودانیان دەستگیرکردووە و پێش ئەوەی بە زۆرەملێ دیپۆرتیان بکاتەوە بۆ سوودان، هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی میسر کرد ئەم کارە "نایاساییە" ڕابگرن.
لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە هاتووە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، "تەنها لە مانگی ئەیلولی 2023 سێ هەزار کەس لە میسرەوە بۆ سوودان دیپۆرتکراونەتەوە"، ئەمەش بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی کۆمیساریی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەو ڕێکخراوە کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئیدانەی ڕاگواستنی زۆرەملێی پەنابەرانی سوودانی کرد بۆ "ئەو ناوچانەی ململانێی تێدایە، بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە پێویستەکان یان ڕەخساندنی هیچ دەرفەتێک بۆ داوای پەنابەری، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان".
سارا حەشاش، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەرێمی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "ئەستەمە تێبگەین لە دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی ژنان و پیاوان و منداڵانی سوودان دوای ئەوەی سنوورەکانیان بەزاند بۆ ئەوەی لە شەڕی چەکداری وڵاتەکەیان ڕزگارییان بێت، دواتر بە ئارەزووی خۆیان لە دۆخێکی خراپدا دەستبەسەریان دەکەن".
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت، لە دوای سەرهەڵدانی جەنگ لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 بە دەیان هەزار هاووڵاتی سوودانی کوژراون و زیاتر لە نۆ ملیۆن هاووڵاتیش ئاوارەبوون.
جگە لەوەش نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس لەودیوی سنوورەکانەوە هەڵاتوون، کە نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان بەرەو میسر ڕۆیشتوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی چەند دەیەیەکدا میسر شوێنی ملیۆنان سوودانی بووە و ژنان و کچان و کوڕانی خوار تەمەنی 16 ساڵ و پیاوانی سەرووی 49 ساڵ لە مەرجەکانی چوونە ژوورەوە بەخشراون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر زاری پەنابەرانی سوودان ڕایگەیاندووە، کە "هەندێکیان لە کاتێکدا کە لە نەخۆشخانە بوون یان لەسەر شەقام بوون دەستگیر کراون، ئەمەش هەستی ترسی لەناو پەنابەرەکاندا بڵاوکردووەتەوە و وایکردووە زۆرێکیان ئامادە نەبن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن".
ڕێکخراوەکە بارودۆخی شوێنی دەستبەسەرکردنەکانی بە "دڕندە و نامرۆڤانە" وەسفکردووە، کە هەندێکیان نافەرمین، وەک "شوێنی ئەسپەکانی ناو سەربازگەکاندا".
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە "قەرەباڵغییەکی زۆر، نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە سەرئاو و پاکوخاوێنی و خراپی کوالیتی خۆراک و ڕەتکردنەوەی چاودێری تەندروستی گونجاو" کردووە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی میسر بە زۆرەملێ "لانیکەم 800 دەستگیرکراوی سوودانیان لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئاداری 2024دا گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەیان".