کۆشکی سپی لە ناتانیاهۆ توڕەیە و کۆبوونەوەیەکی دەربارەی ئێران هەڵوەشاندەوە

کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی ئەمەریکا و ئیسرائیلی سەبارەت بە ئێران لەسەر یاستی باڵا هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە بچێت.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڤیدیۆییەکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە بڵاویکردۆتەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، ئەمەریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت.

دوو سەرچاوەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"یان گوتووە: ڕاوێژکارە بالاکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن زۆر لەو گرتە ڤیدیۆییە توڕەبوون، ئەوان دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە ڕێگەی عاموس هۆکشتاین، نوێنەری ئەمەریکاوە نامەیەکیان بۆ ناتانیاهۆ ناردووە.

نوێنەرەکەی ئەمەریکا ناتانیاهۆی ئاگادار کردەوە کە کۆشکی سپی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی داوە.

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕەتکردنەوەی ئیدارەی ئەمەریکا لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە "ناعەقڵانی" وەسفکرد، هیوای خۆی دەربڕی کە ئاستەنگەکان لاببرێن.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەفتەیەک لەمەوبەر سەردانی ئیسرائیلی کردووە و "گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە"ی ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆی بۆ واشنتۆن دەربڕی بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەززەوە پێشکەشی کردووە ، دەشڵێت، شتێکی دیکەشم گوت: "ناعەقڵانییە، ئیدارەی ئەمەریکا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕەتیکردۆتەوە چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل دابین بکات"

بایدن جەختی لەوەکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و چەکی بەرگریی دیکە بۆ ئیسرائیل.