هاووڵاتییەک: گەشتەکەم بۆ دەرەوە هەڵوەشاندەوە، چونکە کەشوهەوای کوردستان خۆشترە
زۆری ڕێژەی گەشتیاران لە چاو ساڵانی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووەتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار. هاووڵاتییەکی شارەکەش دەڵێت، "گەشتەکەم بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە، چونکە کەشوهەوای ئێرە خۆشترە".
لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان، خواردنگە و کافتریاکانی سلێمانی، پڕ بوون لە گەشتیاران. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی پێش جەژن پلانێکی توکمەی بۆ پێشوازی لە گەشتیاران ئامادە کردبوو، ئەمەش وایکرد ڕێژەی هاتنی گەشتیاران، بەروارد بە ساڵی ڕابردوو، زۆر زیاتر بێت.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، زیاتر لە 75 هەزار هەزار گەشتیار بۆ پشووی جەژنی قوربان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە. بەگوێرەی ئەم ئامارە، ژمارەی هاتنی گەشتیاران، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، زۆر زیادی کردووە.
لاڤە عوسمان، دانیشتوویەکی سلێمانییە؛ بۆ ئەم جەژنە، پلانی گەشتەکەی بۆ یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان بەهۆی پلەی گەرمییەوە هەڵوەشاندووەتەوە. پێی وایە، هاتنی ئەم ڕێژە زۆرەی گەشتیاران بۆ شارەکەیان بەهۆی گونجاوی کەشوهەواوەیە.
لاڤە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ""گەشتەکەم بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە، چونکە کەشوهەوای ئێرە گونجاوتر و لەبارتر بووە".
گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی گەشتوگوزار و زیادیکردنی خزمەتگوزاری لە ناوچە گەشتیارییەکان و ئارامی و سەقامگیری؛ وایکردووە ساڵانە ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان زیاد بکات.
سەدا 95ـی ئەو گەشتیارانەی هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربان سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانییان کردووە، خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون.