نیسانی داهاتوو پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو دەکرێت
بڕیارە بەهاری ساڵی داهاتوو کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی ئاکرێ کۆتاییان بێت. پڕۆژەکە کێشەی کەمئاوی لە ناوەندی قەزاکە و 19 گوند چارەسەر دەکات.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ناوچەکە و تاوەکوو ئێستا 70%ـی کارەکانی تەواو بووە. دوای تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی نوێ لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی نیسانی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکرێن.
زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ بە کوردستان24ـی راگەیاند، پڕۆژەکە لە ساڵی 2012ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام پێشتر بەهۆی شەڕی داعش و گرژییەکانی ناوچەکە نەتوانراوە تەواو بکرێت. دواتر لە ساڵی 2017 جارێکی دیکە کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کارەکانی راگیران.
بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ روونیکردەوە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کارکردن لەم پڕۆژەیە دەستیپێکردووەتەوە و ماوەی ساڵێکە کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هیچ کێشەیەکی دارایی و رووداوێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە، مانگی نیسانی داهاتوو سەرجەم کارەکانی پڕۆژەکە تەواو دەکرێن.
لەسەر تێچووی پڕۆژەکە، زرار ئەحمەد گوتی، بە گشتی 119 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و بڕیاربوو مانگانە دوو ملیار و نیو دینار بۆ پڕۆژەکە خەرج بکرێت. لە ئێستاشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان 10 ملیار دیناری دیکەی بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی کارکردن تەرخان کردووە.
ئەم پڕۆژە گرنگە ئاوی خاوێن بۆ ناوەندی شارۆچکەی ئاکرێ دابین دەکات، ناوەندەکە لە 47 گەڕەک پێکهاتووە، لەگەڵ دابینکردنی ئاو بۆ ناحیەی بجیل و 19 گوندی سنوورەکە.
لەم قۆناخەدا دانیشتووانی ئەو 19 گوندە پشت بە کانیاو، چەم و رووبارەکان دەبەستن بۆ دەستخستنی ئاو، بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیەش کێشەی بێئاوی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو لە شارەدێی بجیل و گوندەکانی دەوروبەری چارەسەر دەبێت.