ڕووسیا و کۆریای باکوور لە جەنگدا هاوکاریی یەکتری دەکەن

کیم جۆنگ ئین ڕێبەری کۆریای باکوور - ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا - وێنە (AFP)
کیم جۆنگ ئین ڕێبەری کۆریای باکوور - ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا - وێنە (AFP)

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئاشکرای کرد لەگەڵ کیم جۆنگ ئین ڕێبەری کۆریای باکوور پەیماننامەیەکی نوێیان ئیمزا کردووە، لە ئەگەری تووشبوون بە جەنگ و هەر کردەیەکی دوژمنکارانە هەردوو وڵات پشتیوانیی یەکتری دەکەن.

ڤلادیمێر پوتین دوای لە پیۆنگ یانگ دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئین ڕایگەیاند، کۆریای باکوور و ڕووسیا پەیماننامەیەکی نوێیان ئیمزا کردووە لە بارەی ئاڵۆگۆڕکردنی هاوکارییەکان بە تایبەتی بۆ هاوکاریی و پشتیوانی کردنی یەکتری لە حاڵەتی دوژمنکاری و شەڕ پێ فرۆشتنی دەرەکی بەرانبەر بە هەر یەکێک لەم دوو وڵاتە.

ئاژانسەکانی ڕووسیا لە زاری پوتین بڵاویان کردووەتەوە، ئەو پەیماننامە هاوبەشە گشتگیرەی ئەمڕۆ ئیمزا کراوە، چونکە ڕووسیا و کۆریای باکوور سازش بۆ ڕۆژئاواییەکان ناکەن هەر ئەمەش هۆکارە هەردوو وڵات ڕووبەڕووی چەندین سزای نێودەوڵەتی ببنەوە.

پوتین بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ڕووسیا و کۆریای باکوور لە سیاسەتی دەرەکیدا سەربەخۆن و زمانی توند و گێچەڵ قبووڵ ناکەن، بەڵام پەیماننامە نوێیەکە هاوکارییەکانی هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکارییەکاندا بەهێزتر دەکات.

سەرۆکی ڕووسیا لە بارەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆریای باکوور، ڕایگەیاندووە، پێویستە پێداچوونەوە بەو سیستەمە گەمارۆدانە بکرێت کە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانییەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا سەپێندراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2024، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە پیۆنگ یانگ و لەگەڵ کیم جۆن ئون رێبەری کۆریای باکوور کۆبووەوە.

سەردانەکەی پوتین بۆ کۆریای باکوور وەک لە ڕاگەیەندراوی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیادا هاتووە مەبەست لێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگە.