عەلی دۆڵەمەری: ئەورووپا مافی پەنابەری بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق نادات

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، ئاماژە بەوە دەکات، ئەورووپا ئەو شوێنە نییە کە هاووڵاتییان خەونی پێوە دەبینن، ژیان تێیدا زۆر سەختە، هەروەها ئێستە وڵاتانی ئەورووپا مافی پەنابەرێتی نادەنە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا، گوتی: سیاسەتی ئەورووپا بەرانبەر کۆچبەران گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەورووپا وەک جاران نەماوە، ژیانی ئەورووپا لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر گۆڕاوە یەکجار قورس بووە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەرگیز نەکەن لە ڕێگەی کۆچی نایاسایی هەرێم بەجێ بهێڵن، چونکە وڵاتانی ئەورووپا ئێستە هیچ پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق وەرناگرن و دیپۆرتییان دەکەنەوە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، قاچاخچییەکان بازرگانی بە هاووڵاتییانەوە دەکەن و هیچ ویژدانێکیان نییە، پێویست ناکات هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵن، چونکە حکوومەت هەموو شتێکی بۆ هاووڵاتییانی خۆی دابین کردووە.

ڕۆژی دووشەممە (17ـی حوزەیرانی 2024)، مێدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێک شکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن، چارەنووسیان نادیارە.