کیێڤ: کۆریای باکوور هاوکاریی ڕووسیا دەکات بۆ کۆمەڵکوژیی ئۆکرانییەکان

ئۆکرانیا کۆریای باکووری تۆمەتبار کرد بەوەی هاوکاری سەربازیی پێشکەش بە ڕووسیا کردووە کە ڕێگە بە "کوشتنی بەکۆمەڵ"ـی خەڵکی مەدەنی دەدات، هەروەها داوای کرد کە ڕێوشوێنی توندتر بۆ سنووردارکردنی ئەو دوو وڵاتەکە بگیرێتەبەر، ئەمەش دوای سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بۆ پیۆنگ یانگ دێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا، میخایلۆ پۆدۆلیاک، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "کۆریای باکوور ئەمڕۆ چالاکانە هاوکاری ڕووسیا دەکات لە بواری سەربازیدا و بە ئەنقەست پیداویستییەکان بۆ کوشتنی بەکۆمەڵی ئۆکراینییەکان دابین دەکات".

پۆدۆلیاک پیۆنگ یانگی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "ژمارەیەکی زۆر مووشەکی گەورەی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە" کە ڕێگەی پێدەدات "هێرشی تۆپخانە و مووشەکییەکانیان بپارێزێت".

لە درێژەی گوتەکانیدا گوتیشی: "ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر تەواوی شەڕەکە هەیە، و ژمارەی قوربانیانی مەدەنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات".

پۆدۆلیاک ناڕەزایی دەربڕی لەوەی فشارەکانی جیهانی کاریگەر نییە و داواشی کرد بەشێوەیەکی توندتر ڕووسیا و کۆریای باکوور سنووردار بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕوونە کە ئەو ڕێوشوێنە سنووردارانەی بەسەر ڕووسیا و کۆریای باکووردا سەپێندراون بەس نین.

ڕۆژی چوارشەممە، کۆریای باکوور و ڕووسیا ڕێککەوتنێکی هاوبەشی بەرگرییان ئیمزا کرد بۆ "بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمەریکا"، ئەمەش لە کاتی سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بوو بۆ پیۆنگ یانگ.