ئەڵمانیا یاسای کۆچبەران توندتر دەکات

لە لێکۆڵینەوەیەکی "سکای نیوز"ی بەریتانیدا هاتووە، دوای ئەوەی ئەڵمانیا یاساکانی مافی پەنابەرانی توندتر کرد کە ڕێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی خێراتر کردووە کە داوای مافی پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، بەوهۆیەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی ڕوو لە بەریتانیا دەکەن زۆر زیاتر بووە.
ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 351 هەزار کەس چوونەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەریان لەو وڵاتە کردووە، کە نزیکەی چوار هێندەی ژمارەی چوونی پەنابەرانە بۆ بەریتانیا.
بۆ سنووردارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی، حکوومەتی ئەڵمانیا یاسای توندتری ڕاگەیاندووە، بەو پێیەی ڕێوشوێنە نوێیەکان بریتین لە بڕیاردانی خێراتر لەسەر داوای مافی پەنابەری و سنووردارکردنی یارمەتییەکان و خێراترکردنی دیپۆرتکردنەوە پەنابەران
هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە کاتی پشکنینەکاندا دەسەڵاتی زیاتریان هەیە و پێش دیپۆڕتکردنەوەیان دەتوانن تا 28 ڕۆژ ئەو کەسانە دەستبەسەر بکەن.
دیپۆرتکردنەوەکان بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی یەک لەسەر سێ زیادی کردووە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو مانگی نیسان، زیاتر لە شەش هەزار و 300 کەس دیپۆرتکراونەتەوە.
کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین بە سکای نیوزیان گوت: لە ئێستاوە هەست بە کاریگەریی یاسا نوێیەکانی ئەڵمانیا دەکەن.
سکای نیوز ئەوەشی ئاشکراکردووە، زۆرێک لە عێراقییەکان ساڵانێکە لە ئەڵمانیا دەژین، هەندێکیان مافی مانەوە "ئیقامە"ـی کاتییان وەرگرتووە، بەڵام لەم دواییانەدا پێیان گوتراوە کە وڵاتەکەیان سەلامەتە و بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
لە دوای قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015، ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا "سیاسەتی دەرگا کراوە"یەی ڕاگەیاند و زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری وەرگرت کە لە سووریا، ئەفغانستان و عێراق چوون.
ئەڵمانیا وەک یەکێک لە گەورەترین وڵاتەکانی میوانداریی پەنابەران لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت.