یەکێتیی ئەورووپا چوارده‌مین پاکێجی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا سەپاند

مۆسکۆی پایتەختی رووسیا
مۆسکۆی پایتەختی رووسیا

K24 – مۆسکۆ:

یەکێتیی ئەورووپا ڕەزامەندی دا لەسەر سەپاندنی 14مین پاکێجی سزاکانی بەسەر ڕووسیادا، کە تیایدا بۆ جاری یەکەمە کەرتی گازی سروشتی و هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، پاکێجی ئەمجارەی سزاکانیان داهاتی ڕووسیا لە گازی سروشتی و نەوت کەمدەکاتەوە، هەروەها رێگری دەکات مۆسکۆ لە ڕێگەی وڵاتانی دیکەوە خۆی لە سزاکان بدزێتەوە، دەشبێتە بەربەستێک لەبەردەم ڕووسیا بۆ گەیشتن بە تەکنەلۆجیای نوێ.

خۆشەوی محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە مۆسکۆ گوتی: ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پێیوایە هەموو سزاکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەیە کە گوشار بخەنە سەر ئابووری ڕووسیا تا گرژییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی ڕووسیا زیاتر بکەن، بەڵام پوتین باسی لەوە کردووە هەموو ئەم ڕێکارانە بێسوود بووە.

ئاماژەی بەوە دا، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بانکی ناوەندیی ڕووسیا بەهای دراوەکەیان بەرز کردووەتەوە بە ڕێژەی 11%، سزاکانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ سەر ڕووسیا بۆ ئەوەیە کە وڵاتەکە دەستی نەگات بە تەکنەلۆجیا.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: پاکێجی 14مینی سزاکان بۆ سەر ڕووسیا پێشتر هەر یەکە لە وڵاتانی هەنگاریا و  ئەڵمانیا دژی بوون، بۆیە سەپاندەنکەی زۆر لە کاتی دیاری کراوی خۆیدا دواکەوت.