پیۆلی لە میلانەوە بەرەو ئیتیحادی سعوودی

ستیفانۆ پیۆلی ئیتاڵی
ستیفانۆ پیۆلی ئیتاڵی

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە، ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری پێشووی میلان بەهێزترین پاڵێوراوە بۆ راهێنەرایەتی یانەی ئیتیحادی سعوودی.

یانەی ئیتیحادی سعوودی بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ سەرکردایەتی یانەکەی، بۆئەوەی شوێنی مارسیلۆ گایاردۆی ئەرجەنتینی و راهێنەری ئێستای یانەکە بگرێتەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو پۆستەکەی بەجێبهێڵێت و تەنیا یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکانی لە یانەکە ماوە.

فابریزۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی دیاری وەرزشی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024/06/20 ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە یانەی ئیتیحادی سعوودی سێ راهێنەری دیاریکردووە بۆئەوەی لە وەرزی داهاتوو بیکات بە راهێنەری یانەکەی و لەسەروو هەموویانەوە ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری پێشووی میلانە.

وەرزی رابردوو یانەی ئیتیحاد نەیتوانی رکابەری خولی رۆشەنی سعوودی بکات و دەیەوێت بە راهێنەرێکی نوێوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی داهاتووی خولەکە.

ستیفانۆ پیۆلی ئیتاڵی تەمەنی 58 ساڵە و راهێنەرایەتی یانەکانی ئینتەرمیلان، فیرۆنتینا و ئەی سی میلانی ئیتاڵی بووە.